دیکتاتۆرەکان بۆ ئەوەی ڕێگە بۆ سەرکوتی ناڕازییان خۆش بکەن، بە ئاژاوەچی ناویان دەبەن و هەوڵ دەدەن دۆخەکە ببەن بەرەو توندوتیژی. حکومەتی ئێرانیش بەچڕی ئەم فێڵە بەکاردەهێنێت. بۆ نموونە لەڕێگەی پرۆپاگانداوە، کردەوە توندوتیژانەکانی ناڕازییان گەورە دەکاتەوە یان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە دزە دەکاتە ناویانەوە.لەمیانەی ناڕەزاییەکانی ساڵی پاردا، وێنە و ڕاپۆرتی زۆر بڵاوکرایەوە لەسەر هێرش و پەلاماری هێزە حکومەتییەکان بۆسەر ماڵ و موڵکی خەڵک و خۆی حکومەت، بەو مەبەستەی بەسەر ناڕازییاندا ساغی بکەنەوە. لەو وێنانەدا دەبیندرێت کە هێزەکانی پۆلیس، موڵک و ماڵی شەخسی و حکومی تێکدەدەن و زیان دەگەیەننە سامانی گشتی و شوشەی ئۆتۆمبێل و خانووی هاوڵاتیان دەشکێنن، بەڵام حکومەت ڕەتی کردەوە کاری هێزەکانی پۆلیس بێت و خەڵکی تۆمەتبار کرد بە ئەنجامدانی ئەم کارانە.
مانگی ڕەشەمەی ١٣٩٩، مەحموود ئەحمەدینەژاد، سەرۆککۆماری پێشووی ئێران دانی بەوەدا نا کە ناوەندە ئەمنییەکان رۆڵی ڕاستەوخۆیان هەیە لە بەرەو توندوتیژی بردنی ناڕەزاییەکان و وتی: “ناوەندە ئەمنییەکان، لات و شەقاوەکان ڕێکدەخەن و چەکداریان دەکەن، ئەمانە لەکاتی ناڕەزایی دەربڕینی خەڵکی چەوساوە دژی دەسەڵاتداران، دەڕژێنە سەر شەقامەکان و ئاژاوە دەنێنەوە و زەمینە ساز دەکەن بۆ توندوتیژی پیشاندان دژی خەڵکی ناڕازی”، هەروەها زیادی کرد: “لە ناڕەزاییەکانی ساڵی ٨٨دا ناوەندە ئەمنییەکان بەئاشکرا دەستێوەردانی ناڕەزاییەکانیان کرد و من لەنزیکەوە چاودێریی کارەکانیانم دەکرد.”
حکومەت بە سەرکوت کردنی ناڕەزاییەکان، لەڕێگەی دەستگیر کردن، ئەشکەنجە، کوشتن و بریندارکردنی ناڕازییانەوە ، هەندێک لە ناڕازییان هان دەدات بەرەو بەکارهێنانی توندوتیژی و گەیشتن بەم باوەڕە کە جگە لە توندوتیژی هیچ ڕێگەیەکی دیکە نەماوەتەوە. ئەمە ڕێک ئەو حاڵەتەیە کە حکومەت دەیەوێت. جین شارپ، ناسراوترین تیۆریسیەنی خۆڕاگریی مەدەنی و خەباتی ناتوندوتیژانە لەسەر ئەم باوەڕەیە کە ئەکتی توندوتیژانە هەرگیز ناگاتە ئازادی و تەنیا ئەم بەهانەیە دەداتە دیکتاتۆرەکان کە سەرکوت توندوتیژتر بکەنەوە، ئەگەرەکانی بەرگری جەماوریش لاوازتر بێتەوە.
جین شارپ دەڵێت، “ئەگەر توندوتیژی وەک ڕێگەی تێکۆشان هەڵبژێرین، پێ دەنێینە مەیدانێکەوە کە تیایدا دیکتاتۆرەکان بەهێزترن. دیکتاتۆرەکان پێشوەخت خۆیان ئامادە کردووە بۆ بەکارهێنانی سەختترین توندوتیژییەکان. لەم ململانێیەدا دیموکراتەکان هەر چەندیش بەرخۆ بدەن، لە ئەنجامدا هەر دەبێت تەسلیمی ڕاستییە توندوتیژە سەربازییەکان بن. دیکتاتۆرەکان هەمیشە لە بواری چەک و چۆڵ و هێزی سەربازی و کەرەسەی جەنگییەوە بەهێزترن و ئازادیخوازان لە وەها پێکدادانێکدا هیچ شانسێکیان نابێت بۆ سەرکەوتن.”
چۆن دەتوانین ڕێگە لە بەرەو توندووتیژی چوونی ناڕەزاییەکان بگرین؟
مادەی ٢٧ی دەستووری بنەڕەتیی ئێران، مافی ئەنجامدانی گردبوونەوە و ڕێپێوانی بۆ هەمووان بە ڕەسمی ناسییوە. بەڵام حکومەت تاوەکو ئێستا ئەم مافەی پێشێل کردووە، جگە لە رێپێوان و خۆپیشاندانە حکومییەکان وەکو ڕۆژی قودس یان ٢٢ی ڕێبەندان، و هەموو جۆرە گردبوونەوەیەکی دیکەی خەڵک سەرکوت دەکات. لەلایەکی دیکەو خەڵک بەهۆی داخرانی حزب و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن، پەراوێزخرانی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، سەندیکا و یەکێتییە کرێکارییەکان، ناتوانن خۆیان ڕێکبخەن بۆ بەکارهێنان و فێربوونی تاکتیکە ناتوندوتیژانەکانی خۆڕاگریی مەدەنی، کەواتە ئاسان تریش هان دەدرێن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی توندوتیژانە.”
دارێن عەجەموغڵوو و جەمیز ڕابینسۆن لە کتێبی “نەتەوەکان بۆچی شکست دەهێن؟” جیاوازیی وڵاتە دیکتاتۆری و ئازادەکان لە هاوسەنگی نێوان دەسەڵاتی حوکمداران و هێزی خەڵکدا دەبینن. لەناوچوونی ئەم هاوسەنگییە دەبێتە هۆی لەناوچونی ئازادی و پێشێل بوونی مافی هاوڵاتیان. هەروەها باش دەزانین کە هەبوونی دەزگا و دامەزراوە سەربەخۆ و ناحکومییەکان وەکو حزبی سیاسی، سەندیکای کرێکاری، ئەنجومەنی پیشەیی، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە ژینگەپارێزەکان، تایبەتمەندیی وڵاتانی دیموکراتیکە. ئەم ناوەندانە لەگەڵ ئەوەی هەوڵ دەدەن بۆ گەیشتن بە ئامانج و داواکارییەکانی خۆیان، لە سنووردارکردنەوەی دەسەڵاتی حوکمداران و پێکهێنانی هاوسەنگی لەنێوان خەڵک و حوکمداراندا ڕۆڵی گرنگ دەگێڕن.
جین شارپ، “پێکهێنان و بەهێزکردنی دەستە و گروپە سەربەخۆکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان” بە یەک لەو چوار هەنگاوە سەرەکییە دەزانێت کە بۆ شکست هێنان بە حکومەت پێویستن. جین شارپ جەخت دەکاتەوە کە ئەو تاکەکەسانەی ئەندامی هیچ کامە لەم دەستە وگروپانە نین ناتوانن کاریگەرییەکی ئەوتۆ بکەنە سەر کۆمەڵگە و بەو پێیەش ناتوانن هیچ فشارێک بخەنە سەر حکومەت. ئەگەر حکومەتێک بتوانێت خەڵک بێبەش بکات لە دامودەزگا و ڕێکخراوی تایبەت بەخۆیان، توانیویەتی هێز و دەسەڵاتیشیان لێ ببڕێت، چونکە ئەم دامودەزگایانە پێکهێنەری ئەو هێزەن کە خەڵک لەڕێگەیەوە دەتوانن فشار بخەنە سەر حکومەتەکان.”
عەلی ئەکبەر موختاری، چالاکوانی سیاسیی ڕیفۆرمخواز لە ئێران سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە خۆڕاگریی ناتوندوتیژانەدا دەڵێت، ئەگەر حزبە نەتەوەیی و ناوچەییەکان بتوانن هێزی خەڵک ڕێک بخەن و کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بگرنە دەست، ئەوسا گردبوونەوە و ناڕەزاییەکان چیدی بەبێبەرنامە و بەشێوەی جەماوەری بەڕێوەناچن، کەواتە هیچ کەس یان دەستە و گروپێک ناتوانێت لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی حزب و ڕێکخراوەکاندا توندوتیژی بەکاربهێنێت، بۆیە داواکارییەکان لەڕێگەی دروستەوە و بەشێوەی ئاشتیانە ئاراستە دەکرێن.”
هەر لەم بارەیەدا، مانگی خاکەلێوەی ١٤٠٢، سەدان چالاکی مەدەنی و سیاسیی، گرنگترین وانەی بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”یان بە یەکیەتی و هەوڵی ڕێکخراو بۆ دەستەبەرکردنی دادوەری زانی لە هەموو بوارەکاندا. هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، کە سەرەڕای توندوتیژیی سەرکوتەکانی حکومەت، ئەمە تەنیا ڕێگەیە بۆ پاشەکشەکردن بە زۆرداری و پاشکەوتوویی.
لەم ڕاگەیەندراوەدا کە ٤٢٠ چالاکی مەدەنی و سیاسی واژۆیان کردووە، هاتووە: “کۆمەڵگەی مەدەنیی ئێران، گۆڕانی بەشێنەیی و ناتوندوتیژانە، بە تەنیا رێگە دەزانێت بۆ دەرچوون لە بنبەستە سیاسی و قەیرانە جۆراوجۆرەکانی ئێستا. ئەمەش بە یەکگرتوویی، ڕێکخستن و گۆڕانی بنەڕەتی لەدرێژخایەندا مومکین دەبێت.”