نووسەر: مایکێل نیگلێر
لێرەدا شەش ڕێوشوێن دەخرێنەرڕوو کە لەڕێگەیانەوە دەتوانن هاوکات بەوەی شێوەگەلی ناتوندوتیژانە بەکاردەهێنن، ئاستی کارتێکەری و ئاسایشی چالاکییەکانتان بەرز بکەنەوە. بیرمان نەچێت کە ئەم ڕێوشوێنانە لە دوو خاڵی سەرەکییەوە سەرچاوە دەگرن:
ئێمە دژی ئەوانی دیکە نین، بەس ناکۆک و ناڕازین بەرامبەر بەو کارانەی دەیکەن.
لە پرۆسەی سازکردن دا، دەرهاویشتەی کۆتایی هەمان کەرەسەکانن، هەرگیز لە توندوتیژی هیچی باش بەرهەم نایەت.
- ڕێز لەهەمووان بگرن، بەخۆتانەوە
هەرچەند زیاتر ڕێز لە خەڵکی تر بگرین، زیاتریش دەتوانین کاریگەری بکەینە سەریان بۆ ئەوەی بیر و باوەڕەکانیان بگۆڕین. هەرگیز سووکایەتی بە کەس مەکەن و ڕێگری بکەن لە سووکایەتی کردن بە خەڵکی تر، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی سووکایەتی کردن بە هەمووان. بیرتان نەچێت کە کەس ناتوانێت بەبێ ڕێگەپێدانی خۆتان سووکایەتیتان پێبکات.
سەرکەوتنی ڕاستینی ناتوندوتیژی ئەوەیە کە ببێتە هۆی باشتربوونی پەیوەندییەکان. ئەمەش هەرگیز بە توندوتیژی بەدەست نایەت. گاندی تەنانەت بەرامبەر بە سەختترین توندوتیژییەکانیش دەیوت: “دەتوانین ڕقمان لە تاوان و گوناه بێت نەک کەسی گوناهکار و تاوانبار.” گاندی ساڵی ١٩٤٢ کاتێک کە هیندستان لەلایەن بەریتانیاوە داگیر کرابوو و مەترسیی هێرشی ژاپۆن لەئارادابوو بۆسەر خاکی وڵاتەکەی، وتی: “ئەگەر وڵاتێکی ئازاد بووینایە، دەمانتوانی بە ناتوندوتیژی ڕێگە لە هێرشی ژاپۆنییەکان بگرین، ئێستاکەش هەر کە ژاپۆنییەکان پێ بنێنە کەناراوەکانی هیندستانەوە، خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە دەست پێدەکات.”
لایەنگرانی خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە خۆیان لە هەموو هاوکارییەک تەنانەت پێدانی نان و ئاو بۆ ژاپۆنییەک دەبوارد. چونکە ئەمە ئەرکی ئەوان نەبوو کە هاوکاری کەسانێک بکەن کە هاتبوون وڵاتەکەیان داگیر بکەن. بەڵام ئەگەر ژاپۆنییەک ڕێگەی ون کردبا و لە تینوویەتیان سەرەمەرگ بایە، لایەنگرانی خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە وەکو مرۆڤێک کە داوای هاوکاریی کردووە ئاویان دەدایە. بەڵام ئەگەر ژاپۆنییەکان هەوڵیان بدایە کە بە زۆرەملی ئاویان لێ وەرگرن، تا مردنیش خۆڕاگرییان دەکر و ئەم زۆرەملییەیان قبوڵ نەدەکرد.
- هەمیشە ئاڵتەرناتیڤە سازدەرەکان ڕەچاو بکەن
کردار هەمیشە بەهێزترە لە سیمبۆل گەرایی پەتی. بەتایبەتی کاتێک کە کردارەکە ئاڵتەرناتیڤی سازدەری لێبکەوێتەوە، وەکو دروست کردنی خوێندنگا، پیشەسازیی بچوک، پێکهێنانی هەرەوسی کشتوکاڵ یان بانکی ناوچەیی. وەکچۆن باکمینستێر فوولێر دەڵێت: “ناکرێت بە دژایەتی کردنی ئەو ڕاستیانەی لە ئارادان، بیانگۆڕن. بۆ گۆڕینی شتێک، پێویستە مۆدێلێکی نوێ سازبکەن تاکو جێی مۆدێلە کۆنەکە بگرێتەوە و چیتر نەیهێڵێت.”
گاندی بۆ ئەوەی هیندستانییەکان بەرپرسیاتەیی کۆمەڵگەی خۆیان لە ئەستۆ بگرن، ١٨ پرۆژەی دەست پێکرد. ئەمەش ڕێی خۆش کرد بۆ دەرکردنی حکومەتی بەریتانیا و پێکهاتنی دیموکراسی لەو وڵاتەدا. ئەم جۆرە کردارانە سوودی زۆریان هەیە، لەوانە:
ئەم دەرفەتە دەداتە خەڵک کە بە وەبەرهێنانی بەرهەمی تایبەت بە خۆیان چیتر گیرۆدەی وڵاتانی بیانی نەبن. ئێوە ناتوانن لە چنگی ستەم ڕزگار بن تا ئەو کاتەی گیرۆدەی ستەمکاران بن. بۆیە ئەمە بەس نییە کە ناڕەزایی دەرببڕن بەرامبەر بە ناهەقییەکان، بەڵکو دەبێت بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن . چالاکبوون وادەکات ترس و هەستی داماوبوون لە مرۆڤ دوور بکەونەوە.
بەتایبەتی لەکاتێکدا کە خۆڕاگریی ڕاستەوخۆ مومکین نییە، ئەم جۆرە چالاکییانە وادەکەن بزووتنەوە لەجووڵان نەوەستێت.
لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن، کە هاوکاری کردن لەگەڵ یەکدی کاریگەرترین ڕێگەیە بۆ یەکگرتوویی خەڵک. کۆمەڵگە دەژێنێتەوە و ئەم متمانەیە دەداتە هەمووان کە بزووتنەوەکەی ئێوە نابێتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی کۆمەڵگە.
لە هەموو شت گرنگتر، ئەو ژێرخانانە ساز دەکات کە لەکاتی ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆردا زۆر پێویستن. زۆر بزووتنەوە توانیویانە ڕژێمە زۆردارەکان بڕووخێنن بەڵام لەپاش ئەوان کەسانی زۆرداتر بۆشایی دەسەڵاتیان پڕ کردۆتەوە.
یاسایەکی بنەڕەتی هەیە کە پێویستە ڕەچاوی بکەن، تا ئەو شوێنەی دەتوانن سازدەر بن بەڵام هەر شوێنێک بە پێویستتان زانی ببن بە ڕێگر.
- بڕواننە درێژخایەن
چالاکیی ناتوندوتیژانە هەمیشە دەرەنجامی ئەرێنییان لێدەکەوێتەوە، تەنانەت جاری وایە زۆر زیاتر لە چاوەڕوانییەکان. کاتێک چین لە ٥٠کاندا تووشی قاتی و قڕییەکی قورس بوبوو، ئەنجومەنی ئاشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەمپێنێکی پۆستیی بەرێخست تا داوا لە سەرۆککۆمار ئازنهاوێر بکات مادە خۆراکییە زیادییەکان بنێردرێن بۆ چین. نزیکەی ٣٥ هەزار ئەمریکایی لەو کەمپێنەدا بەشدارییان کرد. پەیامەکەی ئێمە بۆ سەرۆککۆمار نووسراوەیەکی سادە بوو لە عیسا مەسیح بەم ناوەرۆکەوە: “ئەگر دوژمنەکەت برسییەتی، خواردنی بدەیە.” ئەو کات پێمان وابوو کە هیچ وەڵامێکی پەیامەکەمان نەدراوەتەوە. بەڵام ٢٥ ساڵ دواتر تێگەیشتین کە بەم کارە ڕێگەمان لە بۆمبارانی هەندێک شوێنی خاکی چین گرتووە لەکاتی جەنگی کوریادا. ئازنهاوێر لە کۆبوونەوەیەکی گرنگی سوپای ئەمریکادا وتبووی: “بەڕێزان لەکاتێکدا کە ٣٥ هەزار هاوڵاتیی ئەمریکا داوامان لێدەکەن خواردن بدەین بە چینییەکان، پێناچێت کاتێکی گونجاو بێت بۆ بۆمباران کردنیان.”
جاری وایە توندوتیژی دەبێتە هۆی گۆڕینی شتێک، بەڵام لە درێژخایەندا ئاژاوە و چارەڕەشیی لێدەکەوێتەوە. ئێمە ناتوانین دەرەنجامی کردەوەکانمان کۆنتڕۆڵ بکەین، بەڵام دەتوانین ڕێگە و شێوەی خۆمان هەڵبژێرین و هەست و حاڵەتە دەروونییەکانمان کۆنتڕۆڵ بکەین. لێرەدا فۆرموولێکی بەسوود هەیە: “توندوتیژی جاروبار بەکاردێت، بەڵام هەرگیز بەکار نایەت (بۆ نموونە بۆ باشترکردنی هەلومەرج و پەیوەندییەکان). لە بەرامبەردا، ناتوندوتیژی جاروبار بەکاردێت و بۆ هەمیشەش بەکاردێت.”
ئامانج و مەبەستی ڕوونتان هەبێت. پابەند بن بە رێسا بنەڕەتییەکان وەکوو کەرامەتی مرۆیی. سەبارەت بە ڕێساکانتان شەفاف بن، بەڵام ئامادەیی ئەوەتان هەبێت کە لە هەموو کاتێکدا تاکتیک بگۆڕن و سازش بکەن. بیرتان نەچێت کە ئێوە لە شەڕی دەسەڵاتد نین (هەرچەندەش بەرامبەرەکەتان لەسەر ئەم باوەڕە بێت)؛ خەباتی ئێوە بۆ دادپەروەری و کەرامەتی مرۆییە. مومکینە بەڕێگەگەلی ناتوندوتیژانە لە هەموو شەڕەکاندا شکست بهێنن، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا بۆ سەرکەوتن لە شەڕدا تێبکۆشن.
- بەدووی شێوەگەلی دووسەر بردنەوەوە بن
هەوڵی ئێوە نەک بۆ سەرکەوتن بەڵکو بۆ باشتر کردنی پەیوەندییەکانە. مومکینە وا بیر بکەینەوە کە لە شەڕدا بۆ ئەوەی لایەنێک بیباتەوە دەبێت ئەوی دی بدۆڕێت، بەڵام ئەمە دروست نییە. ئێمە بەشوێن بردنەوە یان زاڵبوون بەسەر کەسانی دیکەدا نین، بەڵکو بەدووی فێربوون و باشتر کردنی دۆخەکەین.
مارتین لۆتێرکینگ، هەندێک تێبینی سەرنجڕاکێشی هەیە لەسە زنجیرە دانوستانێک کە لە شاری مۆنتگۆمێریی ئاڵاباما بۆ لابردنی یاساکانی جیاکاریی نەژادی هەیبووە، ئەم تێبینییانەی لە کتێبی “هەنگاوگەلێک بەرەو ئازادی: چیرۆکی مۆنتگۆمێری”دا کۆ کردۆتەوە. پارێزەری کۆمپانیی ئوتوبوسی ناوشار کە داواکاریی ئەمریکییە بەڕەچەلەک ئەفریقییەکان بۆ نەهێشتنی یاسا جیاکارییەکانی ڕەت دەکردەوە، بەم جۆرە باسی هۆکارەکانی کرد: “ئەگەر ئەم داواکارییەی ڕەشەکان قبوڵ بکەین، ئەوان شانازی دەکەن بە سەرکەوتنیان بەسەر سپییەکاندا، ئێمە ئەم ڕێگەیە نادەین.”
پاش ئەوەی لۆتێرکینگ لەمە تێگەیشت، داوای لە بەشداربووانی بزوتنەوەکە کرد کە خۆ ببوێرن لە شانازی و فەخر کردن بەرامبەر بە سپییەکان و ئەمەی بیر خستنەوە: “لەڕێگەی ناتوندتیژییەوە خۆ لە لە “هاندەرە دەروون ناسییەکان بۆ بردنەوە” دەپارێزین. دەروونناسیی بردنەوە تایبەتە بە دینامیکی کۆنی “من لەدژی تۆ”یە، لەکاتێکدا چالاکی ناتوندوتیژی ژیان وەکوو “پێگەیشتنێکی هاوبەش” دەبینێت بەرەو کۆمەڵگەیەکی دڵخواز کە هەمووان دەتوانن تیایدا گەشە بکەن. فەخر کردن بە بردنەوە دەتوانێت هەموو ئەو دەستکەوتانە بەفیڕۆ بدات کە زۆر قورس بەدەست هاتوون.”
- هێز بەوردەکارییەوە بەکار بهێنن
ئێمە بەتایبەتی لە ڕۆژئاوا لەسە رئەم باوەڕەین کە دەسەڵات “لە لوولەی تفەنگەوە دەردەچێت.| لەڕاستیدا جۆرێک لە دەسەڵات هەیە کە لە هەڕەشە و توندوتیژییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام ئەگەر قبوولی نەکەین و بەرامبەری سەر دانەنەوێین، ئەم جۆرە دەسەڵاتە هیچ هێزێکی نامێنێت.
جۆرێکی دیکەی دەسەڵات هەیە کە لە ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت. وای دانێن کە ئێوە بەمەبەستی نەهێشتنی ناداپەروەرییەک سەرقاڵن بە نووسینی داواکارییەک. ڕەنگە ناڕەزایی بەئەدەبانەی خۆتان بەرامبەر بەو نادادپەروەرییە دەربڕیبێت بەڵام هیچ وەڵامێکتان نەدرابێتەوەە. کەواتە وەکچۆن گاندی دەڵێت، “دەبێت، نەک تەنیا بە سەر قسە بکەن، بەڵکو دڵیش بجووڵێنن.” ئێمە دەتوانین نادادپەروەری بە تەحەمول کردنی ئازارەکان ئاشکرا بکەین. ئەوەش ئەم دەرفەتەمان دەداتێ کە ساتیاگراها یان “هێزی ڕاستی” بجووڵێنین. لە کاتی پێویست دا مومکینە ئەمە بە خستنە مەترسییەوەی گیانمان ئەنجام بدەین، کەواتە دەبێت سەبارەت بە مەبەست و ئامانجەکانمان بەتەواوی شەفاف بین. کەواتە ئەم کارە بە وردەکارییەوە ئەنجام بدەن.
مێژوو و ئەزموون دەریدەخەن کە ئەم جۆرە باوەڕ پێهێنانە کە دەیەوێت چاوی بەرامبەرەکەی بەبێ زۆرەملی بکاتەوە، دەتوانێت تەنانەت دوژمنییە تاڵەکانیش بتوێنێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک کات ڕەنگە ناچار بین زۆرییش بەکار بهێنین. بۆ نموونە، کاتێک دیکتاتۆر بە هیچ جۆرێک واز ناهێنێت، دەبێت بەخێرایی دەست بدەینە کارێک تاکو کۆتایی بەو ئازارە گەورەیە بێنین کە لەڕێگەی بەدبەکارهێنانی دەسەڵات لەلایەن دیکتاتۆرەوە خراوەتە سەر خەڵک. بەڵام ئەنجامدانی ئەم کارە دەبێت بەفکر و ستراتژییەوە بێت و پێویستی بە پاراستنی ناتوندوتیژانە هەیە. بەڵام کات ناچارمان دەکات، بەجێگەی سەپاندنی ئازار بەسەر ئەوی دیکەدا، کەڵک لە هێزی سەبر و باوەڕپێهێنان وەربگرین. ئەو گۆڕانانەی لە ئەنجامی باوەڕپێهێناندا دێنە ئاراوە دەمێننەوە، ئەگەر قەناعەت بەکەسێک بهێنن، لەسەر ئەو قەناعەتە دەمێنێتەوە، بەڵام کەسێک کە لەژێر فشاردایە، هەموو چرکەیەک چاوەڕێی دەرفەتە بۆ تۆڵە کردنەوە.
- میراتەکانمان بپارێزن
هەمیشە ئەمە لەبەر چاو بگرن کە ئەگەر بە ورە و ئیرادە و ستراتژیی ڕوونەوە چالاکیی ناتوندوتیژانە بگرنە بەر، بە ئەگەری زۆرەوە سەردەکەون: بیبەنەوە یان بیدۆڕێنن، ئێوە ڕۆڵی خۆتان گێڕاوە بۆ بەرەو باشتر بردنی پەیوەندییە مرۆییەکان کە داهاتوومان گرێدراویەتی.
ئەم شەش ڕێسایە لەسەر ئەم باوەڕە پێکهاتوون کە ژیان “گشتێکی پێکەوەگرێدراو”ـە و کاتێک لە پێداویستییە ڕاستییەکان بگەین، چیتر کەس بە ڕکابەری خۆمان دانانێین. وەکچۆن مارتین لۆتێرکینگ وتوویەتی: “من هەرگیز ناتوانم ئەوە بم وا دەبێت ببم، تا ئەو کاتەی ئێوە ئەوە نین وا دەبێت ببن، ئێوەش هەرگیز ناتوانن ئەوە بن کە دەبێت ببن تا ئەو کاتەی من ئەوە نیم وا دەبێت ببم.”