نووسەر: مۆجتەبا هاشمی، سەرنووسەری ماڵپەڕەکە
ئاوڕدانەوەیەک لە پرسی فەلەستین، هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی توندوتیژی لە قووڵبوونەوەی قەیرانەکەدا
چەکدارانی حەماس ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبەر لە هێرشێکی لەناکاودا بۆ سەر ناوچە ئیسرائیلینشینەکانی نزیک کەرتی غەزە هەزار و ٣٠٠ هاوڵاتیان کوشت و زیاتر لە ١٤٠ کەسیشیان بەدیل گرت. ئەم هێرشە بووە هۆی ئەوەی حکومەتی ئیسرائیل شەڕ لە دژی حەماس ڕابگەیەنێت و هیواکان بۆ چارەسەرکردنی دوورودرێژترین ململانێی مێژووی نێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیل جارێکی دیکە کاڵ بێتەوە.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە سەرەتای شەڕی ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تا ١٦ی ئۆکتۆبەر، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس کە دەکاتە نزیکەی نیوەی ژمارەی دانیشتووانی غەزە، ئاوارە بوون کە لانیکەم نیوەیان پەنایان بۆ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بردووە. بۆ وردبوونەوە لەم قەیرانە قوووڵە، پێویستە ئاوڕێک لە
بۆ ئەوەی لەم قەیرانە قووڵەی ئێستا بکۆڵینەوە و لە ڕۆڵی توندوتیژی لە پەرەسەندنیدا تێبگەین، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی ململانێکان و چۆنێتی دامەزرانی دەوڵەتی ئیسرائیل لە خاکی فەلەستیندا.
فەلەستین ناوچەیەکی بچووکە لە نێوان ڕووباری ئوردن و دەریای ناوەڕاست کە لە سەدەی نۆزدەهەمدا لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا بووە. فەلەستین لەو ڕووەوە کە قودس یان ئورشەلیم لەخۆدەگرێت، هەم بۆ موسملمانان، هەم بۆ کریستیانیان و جوولەکەکان خاکێکی پیرۆز لەقەڵەم دەدرێت.
لەمیانەی جەنگی یەکەمی جیهانیدا، بەریتانیا شێخە عەرەبەکانی هاندا دژی ئیمپڕاتووریەتی عوسمانی شۆڕش بکەن، لە بەرامبەردا لەپاش ڕووخانی عوسمانی ببنە خاوەنی کیان و حکومەتی خۆیان. لە ساڵانی ١٩١٦ و ١٩١٨دا دوو ڕووداوی گرنگ چارەنووسی فەلەستینییەکانی گۆڕی، یەکەمیان پەیمانی سایسکس-پیکۆ لەنێوان فەرانسا و بەریتانیا بۆ دابەشکردنی وڵاتە عەرەبییەکان بوو، دووەمیان هەڵبژێردرانی جەیمز بالفۆر بە وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بوو، کە هەم لایەنگری دابەشبوون و هەڵوەشانەوەی ئیمپراتووریی عوسمانی بوو و هەم هەواداری دامەزرانی حکومەتێک بۆ جوولەکەکان. لەپاش هەوڵ و دانوستانەکانی بالفۆر لە ئەورووپا، ئەمریکا و جیهانی مەسیحی جاڕنامەی ٦٧ وشەیی بالفۆر بڵاوکرایەوە.
جاڕنەمەکە بریتی بوو لە چوار خاڵی سەرەکی؛ یەکەم لەخاکی فەلەستین ماڵی نیشتمانیی جوولەکەکان دابمەزرێت، دووەم جوولەکەکانی دانیشتووی فەلەستین ببنە خاوەنی مافی هاوڵاتیبوون، سێیەم مافی ئاینی بدرێتە جوولەکەکان، چوارەم کەس بۆی نییە مافی غەیری جوولەکەکان پێشێل بکات.
ساڵی ١٩٢٠ ئیمپراتوریی عوسمانی هەڵوەشایەوە، ساڵی ١٩٢٢ کۆمەڵگەی نەتەوەکان حوکمڕانیی فەلەستینی بەمەرجی پابەندیی بە خاڵەکانی جاڕنامەی بالفۆر دایە بەریتانیا. پاش جەنگی یەکەمی جیهانی کۆچی جوولەکەکان بۆ فەلەستین ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیادی کرد. ئەم لێشاوە بە دەستپێکی جەنگی دووەمی جیهانی چڕتربوونەوەی ژینۆساید و سەرگرتنی هۆلۆکۆست لەدژی جوولەکەکان لە ئەوروپا، لێشای کۆچی جوولەکەکان بۆ فەلەستین لەوەش زیاتر بووەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ١٩٤٨ دامەزرانی حکومەتێک بۆ جوولەکەکان و حکومەتێک بۆ فەلەستینییەکانی بە ڕێگەچارەی پرسی جوولەکە ڕگەیەند. نەتەوە یەکگرتووەکان ئەوسا ٥٥٪ی خاکی فەلەستینی تەرخان کرد بۆ جوولەکەکان، سەرەڕای ئەوەی تەنێ ٢٥٪ی ڕێژەی دانیشتووانی ناوچەکە جوولەکە بوون. ئەم دابەشکارییە نایەکسانە یەکێکە لە ڕیشە سەرەکییەکانی قەیرانی ئیسرائیل و فەلەستین کە تاوەکو ئەمڕۆ بەردەوامیی هەیە. ساڵی ١٩٤٨ بە چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە خاکی فەلەستین، گرژیی نێوان دوو لایەنەکە قووڵتر بوویەوە.
تەنیا ڕۆژێک پاش ڕاگەیەندرانی حکومەت ئیسرائیل لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، جەنگی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل دەستی پێکرد. ئەو جەنگە ١٠ مانگی خایەند و لە ئەنجامدا بە شکستی عەرەبەکان کۆتایی هات. ئیسرائیل لەو شەڕەدا تەنانەت ئورشەلیمیشی گرت و لەگەڵ وڵاتی ئۆردون بەشی کرد، هاوکات حوکمڕانیی کەرتی غەزە درایە میسر و کەناری ڕۆژئاواش لەژێر کۆنتڕۆڵی ئۆردوندا مایەوە.
ئیسرائیل لە ٥٠کاندا زیاتر لەلایەن چەکدارە فەلەستینییەکانەوە دەدرایە بەر هێرش، هاوکات وڵاتانی عەرەبی بە ڕێبەرایەتیی جەمال عەبدولناسر بەڕەسمی دانیان بە هەبوونی حکومەتی ئیسرائیلدا نەدەنا.
ساڵی ١٩٦٧، سوپای میسر لە سنوورەکانی ئیسرائیل جیگێربوو، هاوکات سوپای ئۆردون، سوریا، عێراق و لوبنان جوونە ئامادەباشەوە و ڕۆژی ٥ی حوزەیران شەڕ دەستی پێکرد. سوپای ئیسرائیل لەماوەی شەش ڕۆژدا کەناری ڕۆژئاوا، کەرتی غەزە، سەحرای سینا و بەرزاییەکانی جەولانی لە ئۆردون، میسر و سوریا سەندەوە.
لەپاش ئەو شەڕە، خۆڕاگریی فەلەستینییەکان لەناوخۆدا بەردەوامیی هەبوو. ڕێکخراوی ئازادیبەخشی فەلەستین-ساف کە ساڵی ١٩٦٤ دامەزرابوو گەشەی کرد. هێرش و هەڵمەتی گروپە فەلەستینییەاکان بۆسەر ئیسرائیل لە ٧٠کاندا گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی و توندوتیژی لەململانێی دوو لایەنەکەدا گەیشتە لوتکە.
ساڵی ١٩٧٣، کاتێک جوولەکەکان سەرقاڵ بوون بە پیرۆزکردنی جەشنی یۆمکیپور، سوپای میسر و سوریا هێرشێکی لەناکاویان لە بەرزاییەکانی جەولان و سەحرای سیناوە دەست پێکرد و ئاگری جەنگی یۆمکیپور هەڵگیرسا.
شەڕەکە بەگشتی ١٠ بۆ ٣٥ هەزار قوربانیی لێکەوتەوە کە ٢٥٠٠ لەوان سەربازی سوپای ئیسرائیل بوون، ئەمەش وایکرد سەرۆکوەزیران گۆلدا مایەر سەرەڕای ئەوەی پاشەکشەی بە سوریا و میسر کردبوو دەست لەکار بکێشێتەوە.
بەم جۆرە گەری توندوتیژییەکان بەردەوامیی هەبوو. ئیسرائیل ساڵی ١٩٨٠ ئورشەلیمی بە پایتەختی خۆی ناساند و ساڵی ١٩٨١ بەرزاییەکانی جەولانی پەیوەستی خاکی خۆی کرد. لەپاش زنجیرەهێرشێکی ساف لەساڵی ١٩٨٢دا، ئیسرائیل هێرسی کردە سەر لوبنان، هەر لە شەش ڕۆژی سەرەتادا ئیسرائیل پێگەکانی سافی لەناوبرد و شکستی بە هێزەکانی سوریا هێنا.
ئیسحاق ڕابین ساڵی ١٩٩٢ بەدروشمی دانوستان و سازان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ وەک سەرکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵبژێردرا، پاشان شیمۆن پرێز وەک نوێنەری ئیسرائیل و مەحمود عەباس وەک نوێنەری ساف پەیمانی ئوسلۆیان واژۆکرد کە مافی حوکمڕانیی خۆسەری فەلەستینی لە کەناری ڕۆژئاوا و کەرتی غەزە بەڕەسمی دەناسی.
لەدرێژەی ئەم ڕەوتەدا، ئیهۆد باراک وەک نوێنەری حزبی کرێکار بە سەرکۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڵبژێردرا و هەزارەی سێیەمی بە کشاندنەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشوری لوبنان و دانوستان لەگەڵ یاسر عەرەفات، سەرۆکی تەشکیلاتی خۆسەری فەلەستین و بیل کلینتۆن، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کەمپدەیڤید دەستپێکرد.
بەپێی خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە، کەرتی غەزە و کەناری ڕۆژئاوا دەدرایە تەشکیلاتی خۆسەری فەلەستین و بەشی ڕۆژهەڵاتی قودس بە پایتەختی دادەنرا، هێزەکانی ئیسرائیل پابەند دەبوون لەماوەی ٣٦ مانگدا ئەو شوێنانە چۆڵ کەن، فەلەستین پابەند دەبوو بەوەی سوپا پێکنەهێنێت و کۆنتڕۆلی سنوورەکان دەدرایە نەتەوە یەکگرتووەکان.
هەرچەند ئیهۆد باراک بە چەند تێبینییەکەوە ڕێککەوتنەکەی قبوڵ کرد، بەڵام تێبینییەکانی یاسر عەرەفات بەواتای ڕەتکردنەوەی خاڵ بە خاڵی ئەو ڕێککەوتنە بوو، ڕێککەوتنی کەمپدەیڤید لەئەنجامدا سەری نەگرت. ساڵێک دواتر سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گۆڕا بە ئاریەل شارۆن و جۆرج دەبلیۆ بۆش بە سەرۆککۆماری ئەمریکا هەڵبژێردرا، ئەمەش بووە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ بۆ سەرکوت و تەندوتیژی دژی فەلەستینییەکان.
ئارۆن دەیڤید میلێر، یەکێ لە ئەندامانی تیمی دانوستانکاری ئەمریکا لە کەمپدەیڤید ساڵی ٢٠٠٥ لە وتارێکدا بۆ واشنگتۆنپۆست نووسی، تیمی ئەمریکی لە کەمپدەیڤید زیاتر لەوەی نێوبژیوانی بێلایەن بووبێت، بریکاری ئیسرائیلییەکان بووە.
ساڵی ٢٠٠٠، پاش ئەوەی ئاریەل شارۆن سەردانی چیای پەرستگەی کرد، گرژییەکان جارێکی دیکە سەری هەڵدایەوە و ئینتیفازەی دووەم لە فەلەستین دەستیپێکرد.
حکومەتی ئیسرائیل لەئەنجامدا توانی ئەو ئینتفازەیەش سەرکوت بکات. بەگشتی لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە بۆ ٢٠٠٨، هەزار و ٦٣ ئیسرائیلی، پێنج هەزار و ٥١٧ فەلەستینی و ٦٤ هاوڵاتی بیانی کوژران. ساڵی ٢٠٠٦ حزبوڵلای لوبنان چەند هێرشێکی کردە سەر ئیسرائیل و شەڕی دووەمی لوبنان دەستیپێکرد. ساڵی ٢٠٠٧ هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ڕاکتۆرێکی ئەتۆمیی سوریایان کردە ئامانج. دواتر ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ شەڕێک بۆ ماوەی سێ هەفتە لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا هاتە ئاراوە و لە ئەنجامدا بە ئاگربەستێکی سست کۆتایی هات.
ساڵی ٢٠١٢ جارێکی دیکە ئاگری شەڕ هەڵگیرسایەوە، سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشە موشەکییەکانی حەماس، ئۆپەراسیۆنێکی لە کەرتی غەزە دەستپێکرد و هەشت ڕۆژی خایەند. بەدوا ئەودا ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠٢١ دوو ئۆپەراسیۆنی دیکە لە کەرتی غەزە ئەنجامدرا.
ڕووبەری کەرتی غەزە ٣٦٠ کیلۆمەتر دووجایە، لە باکور و ڕۆژهەڵاتەوە هاوسنوورە لەگەڵ ئیسرائیل و لە باشورەوە لەگەڵ میسر سنووری هاوبەشی هەیە. زۆربەی دانیشتووانی غەزە ئاوارە فەلەستینییەکانن کە لەمیانەی جەنگی ١٩٤٨دا زێدی خۆیان بەجێهێشتووە. پاش ئەوەی ئیسرائیل لەساڵی لە غەزە کشایەوە، کۆنتڕۆڵی کەرتەکە کەوتە دەستی چەکدارانی حەماسەوە و ئەو گروپە لە ٢٠٠٧ـەوە غەزە بەڕێوەدەبەن.
کەرتی غەزە لەو ساڵەوە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە گەمارۆی ئابووری دراوە و پێش ئەم ئۆپەراسیۆنە گەورەیەی دوایی سێ جاری دیکە کراوەتە ئامانجی هێرشی سەختی ئیسرائیل لە ساڵانی ٢٠٠٩، ٢٠١٢ و ٢٠١٤دا.
لەساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠٠٩ تەنیا لەماوەی ٢٢ڕۆژدا، هەزار ٢ ٤٣٤ فەلەستینی لەوانە ١٢٥٩ هاوڵاتیی مەدەنی و ٢٨٨ منداڵ کوژران. ساڵی ٢٠١٢ لە ماوەی هەفتەیەکدا ١٠٣ فەلەستینی لەوانە ٣٠ منداڵ کوژران. ساڵی ٢٠١٤، لەماوەی کەمتر لە دوومانگدا هەزار و ٤٦٢ هاوڵاتی فەلەستینی لەوانە ٥٥١ منداڵ کوژران. مانگی ئایاری ٢٠٢١، جارێکی دیکە گرژی و توندوتیژییەکان هەڵگیرسایەوەو لەئەنجامدا ٢٣٢ فەلەستینی و ١٢ ئیسرائیلی کوژران.
ڕیپۆرتەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروبارە ناوچە داگیرکراوەکان، مەزەندەی کردووە کە نزیکەی ٤٠٪ پیاوانی غەزە ئەزموونی زیندانیان هەبووە. هاوکات ژمارەوی ئاوارەکانی کەرتی غەزە لەساڵی ٢٠٠٠ـەوە بۆ ئێستا لە ٨٠ هەزارە گەیشتۆتە ٨٠٠ هەزار کەس.
حەماس بەهاوکاریی کۆماری ئیسلامی ئێران و حزبوڵا توانی لەڕووی سەربازییەوە خۆی بەهێزبکات و بگاتە ئەو ئاستەی هێرشی ٧ی ئۆکتۆبەر ئەنجام بدا. بەمەش ئاستی توندوتیژی و گرژییەکان گەیشتە بەرزتری ئاستی هەموو مێژووی پرسی فەلەستین و ئیسرائیل.
بەوردبوونەوە لە ڕەوتی مێژوویی پرسی جوولەکەکان و فەلەستین دەگەیەنە ئەمە ئەنجامە کە ئەم توندوتیژییە لەڕادەبەدەرە ڕیشەیەکی قووڵ و دووردرێژی هەیە و هەرگیز لەرێگەی توندوتیژییەوە چارەسەر نابێت. هەڵسوکەوتی توندی دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا ئەم دەرفەتەی دایە گروپە توندڕەوەکان لەوانە حەماس کە زیاتر لەپێش ڕادیکاڵ بنەوە و گەڕی بێکۆتای توندوتیژی بەردەوامیی هەبێت.
بەباوەڕی نووسەری ئەم بابەتە، بۆ گەیشتن بە ڕێگەچارەیەکی دیموکراتی و ئاشتیانە لە فەلەستین، پێویستە شەش ڕێسای خۆبواردن لە توندوتیژی ڕەچاوبکرێت. مایکێل نیگلێر، زانای سیاسی دایڕشتووە و نووسیویەتی.
ئەو شەش ڕێسایە بریتین لە؛ ١- ڕێز بگرن لە هەمووان لەوانە خۆتان. ٢- هەمیشە ئاڵتەرناتیڤی سازدەر ئاراستە بکەن. ٣- بڕواننە درێژخایەن. ٤- بەدووی ئەو ڕێگەچارانەوە بن کە هەر دوو لایان بردنەوە و سەرکەوتنە. ٥- بەسەرنجەوە دەسەڵات بەکاربهێنن. ٦-میراتەکەمان بپارێزن.
لێکۆڵینەوەی پرسی فەلەستین و ئیسرائیل بۆمان دەخاتە ڕوو کە هەر هەمووی ئەم شەش ڕێسایە بەدرێژەی مێژووی پرسەکە پێشێل کراون.