پێنج شه‌ممه‌, تشرینی یه‌كه‌م 5, 2023
NIDemocracy
  • سەرەکی
    • ئەو دەڤەرانەی چالاکییان لێدەکەین
    • ئەرشیڤ
  • دەربارە ئێمە
    • دەربارە
    • دەستەی بەڕێوەبەر
    • ئەندامانی فەخری
    • سەرچاوە داراییەکان
    • ئەو دەڤەرانەی لێیان ورددەبینەوە
    • پەیوەندی
  • بەشداری و پشتگیری
    • کار لەگەڵ ئێمە
    • پشتگیریی مادی
  • ڕووداوەکان
    • هەواڵ
  • مەڵتی‌میدیا
  • وتار
  • کوردی
    • English
    • فارسی
    • کوردی
    • تورکجه
    • بلۆچی
No Result
View All Result
Donate
  • سەرەکی
    • ئەو دەڤەرانەی چالاکییان لێدەکەین
    • ئەرشیڤ
  • دەربارە ئێمە
    • دەربارە
    • دەستەی بەڕێوەبەر
    • ئەندامانی فەخری
    • سەرچاوە داراییەکان
    • ئەو دەڤەرانەی لێیان ورددەبینەوە
    • پەیوەندی
  • بەشداری و پشتگیری
    • کار لەگەڵ ئێمە
    • پشتگیریی مادی
  • ڕووداوەکان
    • هەواڵ
  • مەڵتی‌میدیا
  • وتار
  • کوردی
    • English
    • فارسی
    • کوردی
    • تورکجه
    • بلۆچی
No Result
View All Result
NIDemocracy
No Result
View All Result

کارتێکەریی “خۆڕاگریی مەدەنی” گرێدراوی چ پێوەرگەلێکە؟

ئاب 16, 2023
in وتار
Reading Time: 2 mins read
0 0
0
The effectiveness of “civil resistance” depends on what factors?

نووسەر: ئێریکا چێنۆوێت

بۆچوونێکی هەڵەی باو هەیە کە بەپێی ئەو خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە تەنیا لەم چەند حاڵەتەدا مومکینە: ١- کاتێک لایەنی بەرامبەر بۆ ڕێگری یان شکست‌هێنان بە بزووتنەوەکە زۆر لاوازە، ٢- کاتێک کە داخوازییەکانی کەمپێنێک بەڕاشکاوی بەمەبەستی چاکسازی ئاراستە کرابێت ٣- کاتێک کە کەمپێنێک سیستمێکی سیاسیی ئازاد و کراوە پێشنیار دەکات.

بەڵام ئەم بۆچوونە هەڵەیە. کەمپێنەکانی خۆڕاگریی مەدەنی لەبەرامبەر دژبەری هەم لاواز و هەم بەهێزدا کاریگەرن. کەمپێنەکانی خۆڕاگریی مەدەنی بۆ گەیشتن بە داخوازییە هەم چاکسازییەکان و هەم ڕادیکالەکان سەرکەوتوو بوون و ئەمەشیان تەنانەت لە سیستمە سیاسییە زۆر کپ و داخراوەکانیشدا ئەنجام داوە کە لەژێر دەسەڵاتەکەیاندا دەربڕینی ناڕەزایی و دژایەتی زۆر ئاستەم بووە.

  • بەشداریی بەرفراوان، لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگەوە

گرنگترین پێوەری کاریگەر لەسەر سەرکەوتوویی کەمپێنەکانی خۆڕاگریی مەدەنی، قەبارە و بەرفراوانیی ڕادەی بەشداریی خەڵکە لەناویاندا. هەرچەند بەشداربووانی کەمپێنێک زیاتر و فرەڕەنگ‌تر بێت، ئەگەری سەرکەوتنی کەمپێنەکەش زیاترە. بەشداریی بەرفراوان دۆخی هەنووکەیی بەشێوەیەکی جدی تێکدەدات و ڕێ لە سەرکوتکاری دەگرێت. دەبێتە هۆی ڕوو وەرسووڕاندنی لایەنگران و پشتیوانەکانی حکومەت (بەتایبەتی هێزە ئەمنییەکان) لە ناوەندەکانیان؛ و هەروەها بژاردەکانی دەسەڵاتداران سنوورداردەکات. لەڕووی سیاسییەوە چاوپۆشی کردن لە کەمپێنێکی گەورە نامومکینە. تەنانەت بۆ بێڕەحم‌ترین دژبەرانیش سەرکوت کردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی ئاشتی‌خواز کە لەگەڵ یەکدی بەمەبەستی هاوکاری نەکردن لەگەڵ ڕژێم و تێکدانی ژیانی ڕۆژانە کار دەکەن، کارێکی قورسە. بەتایبەتی کاتێک کە کەمپێنەکە ڕێگە و شێوەگەلی جیاواز بگرێتە بەر. ئەو کەسانەی لە کەمێنەکانی خۆڕاگریی مەدەنی‌دا بەشداری دەکەن، بۆیان هەیە سەر بە هەر کامە لە توێژەکانی کۆمەڵگە بن. لەڕاستی‌دا، تایبەتمەندیی گشتگیری خۆڕاگریی مەدەنی هۆکاری سەرەکییە بۆ سەرکەوتووبوونی چالاکییە ناتوندوتیژانەکان. چالاکیی ناتوندوتیژانە ڕێگەیەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نادادوەری و پێویستیی بە پەروەردەی قورسی جەستەیی، گەشتی درێژخایەن و دوورکەوتنەوە لە ماڵ و بنەماڵە و مەیلی ڕەها بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر بە دژبەران نییە.

کەواتە، کەمپێنەکانی خۆڕاگریی مەدەنی بە ئەگەری زۆرەوە ژنان، کەمینەکان، منداڵان، بەساڵداچووان، کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت، ئەوانەی لەڕووی ئەخلاقییەوە پابەندن بە خۆبواردن لە توندوتیژی، دایک‌وباوکانی منداڵانی ساوا، دەستە و گروپە پەراوێزخراوەکان و هەموو ئەوانەی خۆبەخش نین بۆ خەباتی چەکداری، لە خۆ دەگرێت. کەواتە بزووتنەوە ناتوندوتیژانەکان بەراورد بە خەباتە چەکدارییەکان، ژمارەیەکی زیاتری خەڵک بەرەو خۆیان ڕادەکێشن. پرسی ئەوەی بزووتنەوەیەک چۆن دەتوانێت خەڵکانی هەموو چینەکانی کۆمەڵگە بەرەو خۆی ڕابکێشێت، هەر ئەو چەمکەیە کە “داگلاس مەک‌ئادام”ـی کۆمەڵناس بە “ئازادیی کاگنیتیڤ[i] (ناسێنەرانە)” ناوی دەبات.  پرۆسەیەک کە تیایدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک دەگەنە ئەم دەرەنجامە کە نادادپەروەرییەکی گەورە ڕوویداوە و پێویستە هەستن بە گۆڕینی هەلومەرجەکە و ڕووبەڕووی ئەو نادادپەروەرییە ببنەوە. هۆکاری بەکۆمەڵ بۆ پێکهێنانی ئەم گۆڕانە ئەوەیە کە خەڵکەکە چیدی ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەردەمێک کە ئاگایان لەو نادادپەروەرییە نەبووە یان سەردەمێک کە ئامادەبوون تەحەمولی دۆخەکە بکەن لەجیاتیی ئەوەی ڕیسک بکەن.

  • پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ئاستی وفاداریی لایەنگرانی ڕژێمدا

خۆڕاگریی مەدەنی لەڕێگەی ڕاپەڕاندنی هێز لە خوارەوە وادەکات کە کۆمەڵگەی مەدەنی بتوانێت بەشێوەی جدی کاروباری ئەو کەسانە تێک بدات کە بەرپرسی جێبەجێ‌کردنی سیاسەت‌گەلی دەسەڵاتدارانن، ئەمەش دووەمین پێوەری گرنگمان بۆ دەخاتە ڕوو: توانای بزووتنەوەیەک بۆ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە ئاستی وەفاداریی لایەنگران و پشتیوانەکانی دوژمن.

هەرچەند بازنەی ئەو لایەنگرانە بەرفراوانتر بێت، ئەم ئەگەرە کە بزووتنەوەکە بتوانێت نوێنەرایەتیی کۆمەڵانێکی زیاتر و فرەڕەنگ‌تری خەڵک بەدەست بهێنێت، زیاتر دەبێت. ئەمەش بەواتای لەئارادابوونی ڕێگەگەلی زیاترە بۆ دەست ڕاگەیشتن بەو کەسانەی لە ڕیزی لایەنگرانی دژبەران دان. زۆر گرنگە کە بە چاوی کەمەوە لەو هێزە کۆمەڵایەتییە نەڕوانین کە دەتوانێت بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری بکاتە سەر دۆخی هەنووکەیی. تەنانەت ئەو کەسانەش کە هەست دەکەن توانای کاریگەری دانانە سەر سیستمی سیاسییان نییە، خاوەنی هێزە

کۆمەڵایەتین. هەموو کەس بەلانیکەمەوە هەندێک پەیوەندیی هەیە کە دەتوانێت لەڕێگەیانەوە ڕەخنە لە هەڵسوکەوتی کەسانی دیکە بگرێت یان ئەوەی کاریگەری بکاتە سەریان. قبوڵ‌کران یان قبوڵ‌نەکرانی کۆمەڵایەتی زۆر کاریگەرە لەسەر ڕەفتاری مرۆڤەکان. ویستی قبوڵ‌کرانی کۆمەڵایەتی، یان پاراستنی پەیوەندی‌گەلی ئاسایی لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵە، دۆستان، هاوڕێیان و دراوسێیان دەتوانێت لایەنگرانی یەک ڕژێم بگەیەنێتە ئەم باوەڕە کە چیدی ناتوانن بەردەوام بن لە پاڵپشتی کردنی ئەو سیستمە. خەڵک لە هەموو ئاستەکاندا کاریگەرییان هەیە لەسەر کەشی کۆمەڵایەتی و بۆچوونی هەندێک لە بەشە گرنگەکانی ڕژێم، جا ئەمانە مومکینە سەربازێکی ئاسایی بن یان ئەو ژەنەڕاڵانەی ستراتژییەکان دادەڕێژن، یان کارمەندانی دەوڵەت وەکو دیپلۆماتەکان یان بۆ نموونە کارمەندانی سیستمی دابەشکردنی کارەبا. ئەگەری سەرکەوتنی ئەو بزووتنەوانەی دەتوانن کەسایەتییە گرنگ و باڵاکانی ڕژێم و لایەنگرەکانی بەرەو خۆیان ڕابکێشن، زۆر زیاترە لەو بزووتنەوانەی ئەمە ناکەن. ئاڵوگۆڕ لە ئاستی وەفاداریی لایەنگرانی ڕژێمێک، پەیوەندیی بە پەنابردن بە ئەخلاق یان وەڕەحم هێنانی دڵیان نییە، بەڵکو بەشێوەی ڕاستەوخۆ گرێدراوە بە زیان گەیاندن بە گیرفانی ئێلیتە ئابووری و بازرگانییەکانەوە، هەروەها بە مەترسی سازکردن لەسەر بەرژەوەندیی بازرگانی یان پیشەیی بەرپرسانی باڵای ئەمنی و سەربازی، یان  تەنیا لەڕێگەی پەراوێزخستنی دەسەڵاتدارانی ڕژێم لەلایەن ئێلیتە ڕێفۆرمیستەکانەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو کەمپێنێک تایبەتمەندییەکانی خۆی هەیە. بۆ نمونە، لە کۆمەڵگە نەژادپەرستانەکاندا یان ئەو کۆمەڵگانەی پێکهاتوون لە چەند ئیتنیک، قەناعەت هێنان بە هێزە ئەمنییەکان _ کە زۆربەی کات نوێنەری ئیتنیک یان نەژادێکی زاڵن_ لەوانەیە ئاستەم بێت. هەروەها بەشێک لە ڕژێمەکان بە هێزی بیانی یان بەکرێگیراو بەکار دەهێنن بۆ دابین‌کردنی ئاسایش، تا بەم جۆرە ڕێگری بکەن لە ڕاکردنی هێزەکانی پۆلیس، سوپا و هتد. بەڵام ئاستی وەفاداریی ئێلیتە ئابووری و بازرگانییەکان زۆربەی کات دەتوانێت لاوازبێتەوە ئەگەر هێزی خەڵک بگاتە ئەو ڕادەیەی بتوانێت باجی قورسیان بەسەردا بسەپێنێت. هەروەها وادیارە کە باوترین هۆکاری شکستی بزووتنەوەکان ئەوەیە کە ئەو بزووتنەوانە ناتوانن دەستە و گروپە گرنگەکانی لایەنگری سیستم شکست بدەن و ناچاریان بکەن بە گۆڕان. ئەمەش زیاتر بەو هۆیەوەیە کە لایەنگرانی سیستم ئیمانیان بە تەحەمول لەدەست نادەن، یان ناتوانن ئەو گەشە و پێشکەوتنە تەسەور بکەن کە بزووتنەوەکە لە هەوڵدایە بۆ پێکهێنانی لە کۆمەڵگەدا. هەروەها مومکینە لایەنگرانی ڕژێم وەفادار بمێننەوە چونکە هاوپەیمانانی بەهێزی نێودەوڵەتی لەپشت ڕژێمەکەیانە.

  • بەکارهێنانی تاکتیک‌گەلی جۆراوجۆر

ئەو بزووتنەوانەی تاکتیک‌گەلی جۆراوجۆر بەکاردەهێنن، بەراورد بەو بزووتنەوانەی زیاتر لەپێویست کەڵک لە یەک تاکتیک وەکو ناڕەزایی یان خۆپیشاندان وەردەگرن، ئەگەری سەرکەوتنیان زیاترە. ئەو کەمپێنە ناتوندوتیژانە کە سەرمایە مرۆییەکەیان بەکاردەهێنن بۆ خولقاندنی تاکتیک‌گەلی نوێ و چاوەڕوان‌نەکراو، باشتر لەو بزووتنەوانە دەجووڵێنەوە کە پێشبینی‌کراون و لەڕووی تاکتیکییەوە بێ‌جووڵەن. بەگشتی وادیارە کە لەنێوان تاکتیکە جیاوازەکاندا، خۆبواردن لە هاوکاریی ئابووری زۆر کاریگەرە چون باجی ڕاستەوخۆ و دەستبەجێ بەسەر ڕژێمدا دەسەپێنێت.

  • دیسیپلین و خۆڕاگری بەرامبەر بە سەرکوت

بزووتنەوەکان ئەو کاتە سەردەکەون کە پەرە بە هێزی خۆڕاگرییان بدەن. ئەمەش بەواتای پێشکەوتن لەبواری نەرمی و بگۆڕی، پاراستنی دیسیپلین و بەردەوامی‌دان بە بەشداریی جەماوەرییە، تەنانەت لەو کاتانەدا کە دەوڵەت هەڵدەستێت بە سەرکوتی توندوتیژانەی بزووتنەوەکە. گرنگترین بابەت ئەمەیە کە ئەو بزووتنەوەیە لە هەموو هەلومەرجێکدا و سەربەخۆ لە هەڵسوکەوتی ڕژێم بتوانێت خۆی ڕێک بخات. ئەو بزووتنەوانەی دەتوانن ئەمە بکەن زۆربەی کات داڕشتەیەکی ڕێکخستنیی ڕوونیان هەیە. ئەم بزووتنەوانە بۆ حاڵەت‌گەلی جیاواز، لەوانە زیندانی‌بوون، کوژران یان وەلانرانی ڕێبەرەکانیان بەرنامەگەلی جێگرەوەیان هەیە، هەروەها پێشوەخت خاوەنی نەخشەڕێگەی تەنگەتاوین بۆ ئەو کاتانەی سەرکوت توندتر دەبێتەوە. ئەم بەرنامانە دەتوانێت بریتی بێت لە لە هێشتنەوەی جەماوەری خەڵک لەچالاکی‌دا تەنانەت لەژێر ئاگری دوژمن، چون سەرکوتی بزووتنەوەیەکی فرەڕەنگ بە ئەگەری زۆرەوە دەرەنجامی پێچەوانەی لێبکەوێتەوە بۆ ڕژێم. بەئامانج گرتنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ئاسایی یان هاوڵاتیانی نزیک بە حکومەت بۆ ڕژێم قورسترە (هەرچەند نامومکین نییە) لە کردنە ئامانجی ژمارەیەکی کەم کە وەک نوێنەرانی کۆمەڵگە نەناسراون. سەرەڕای ئەمەش، بەدەگمەن داوا لە پۆلیس و هێزە سەربازییەکان دەکرێت دژی کەسانێک توندوتیژی بەکاربهێنن کە مومکینە منداڵ و ئامۆزاکان یان قەشە و ئیمامەکانیان بن. تایبەتمەندیی پێچەوانەکردنەوەی دەرەنجامی سەرکوت، وادەکات کە کەمپێنە ناتوندوتیژانەکان زۆر سەرکەوتووتر بن لە کەمپێنە توندوتیژانەکان، تەنانەت لەو کاتانەدا کە ڕژێم هێرشکەمپێنێکی ناتوندوتریژانە و دەیانکوژێت. لەڕاستیدا، لە ساڵی ١٩٠٠ـەوە بۆ ٢٠١٩، ئەو کەمپێنە ناتوندوتیژانەی بەتوندوتیژییەوە سەرکوت کراون، لە سەتا ٤٥ـی حاڵەتەکان سەرکەوتوو بوون، لەکاتێکدا کە کەمپێنە توندوتیژانەکان تەنیا لە سەتا ٢٢ـی حاڵەتاکاندا سەرکەوتوون.

هەر یەکە لەم چوار پێوەرە _بەشداری بەڕادەی بەرفراوان، پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە وەفاداری‌دا، داهێنان لە بەکارهێنانی تاکتیکەکاندا و نەرمی و بگۆڕی لەبەرامبەر سەرکوت‌دا_ کاتێک بەباشی دەکەونە کار کە بزووتنەوەکە بەباشی ڕێکخرابێت و خۆی ئامادە کردبێت بۆ خەباتێکی درێژخایەن. کەمپێنە بەدەسیپلین و ڕێکخراوەکان، زۆربەی کات پلان و بەرنامەی چەند مانگە یان چەندین ساڵە پەیڕەو دەکەن و ئەمەش لەپێش ڕێکخستنی جەماوەریی خەڵکەوە دەست پێدەکات.

زەمینەکان بۆ پێکهاتنی کەمپێنێکی سەرکەوتووی خۆڕاگریی مەدەنی

کەمپێنە سەرکەوتووە ناتوندوتیژانەکان بەدەگمەن خۆڕسکن. ئەم کەمپێنانە پێویستییان بە کات، هەوڵ و بەرنامە هەیە. بەگشتی، ماوەی تێکڕا بۆ کەمپێنە ناتوندوتیژانە سەرکەوتووەکان بۆ پلان‌دانان، پەروەردە و داڕشتنی ستراتژی، لە ١٦ مانگ بەرلە ڕێکخستنی جەماوەریی خەڵکەوە دەست پێدەکات. ئەمەش بەڕادەیەکی بەرچاوکەمترە لەم ماوەیە بۆ کەمپێنە توندوتیژانەکان کە زیاتر لە پێنج ساڵ دەخایەنێت.

بۆ بە ئەنجام گەیاندنی خۆڕاگریی مەدەنی، کەمپێنەکان دەبێت بەرفراوان، داهێنەرانە و جێگیر بن، هەروەها دەبێت ئەمە بە جەماوەری لایەنگری ڕژێم بسەلمێنن کە هەڵوێستە سیاسییەکان بەشێوەیەکی نەگەڕاوە گۆڕاوە و ئاڵوگۆڕی هاوسەنگییەکانیش لە ماوەیەکی درێژخایەن‌دا لە بەرژەوەندیی ئەوان‌دا دەبێت. قەبارە، یەک‌گرتوویی، داهێنان لەڕووی تاکتیکییەوە و دزەکردن لەڕێگەی جیابوونەوەوە، چەند لەو پێوەرە کاریگەرانەن کە دەبنە هۆی سەرکەوتنی کەمپێنەکانی خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە. هەروەها ئەم بۆچوونە کە پێی وایە خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە تەنیا لە کۆمەڵگە دیموکراتەکان، وڵاتانی پەرەسەندوو یان لە کولتورە لیبرالەکاندا کاریگەرن، هەڵەیە، چون ئەگەر لەڕووی مێژووییەوە لێی وردبینەوە خۆڕاگریی مەدەنی لە زەمینە بەتەواوی نادیموکراتەکاندا هاتۆتە ئاراوە. هەرچەند لەو دیموکراسییانەدا کە تیایاندا مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە ڕەوا و پارێزراوە، ناڕەزایی تاک باوترە، بەڵام نابێت بیرمان بچێت کە ناڕەزایی لەگەڵ بزووتنەوە یەکسان نین و جیاوازن، بەو پێیەش بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە دیموکراسییەکاندا کاریگەرتر نین لە حکومەتە زۆردارەکاندا. یەکەم، بەم هۆیە کە خەڵکلە دیموکراسییەکاندا پێشوەخت کاناڵێکی فشاریان هەیە بەناوی هەڵبژاردن کە ئەم هەلەیان بۆ دەرەخسێنێت تاکو فشار بخەنە سەر دەوڵەت و سیاسەتەکانی. لەکاتێکدا کە لە حکومەتە زۆردارەکاندا کە هەڵبژاردن هەبوونی نییە یان هەیە و بە ساختەکارییەوە بەڕێوەدەچێت، ڕێکخستنی جەماوەری تەنیا ڕێگەیە بۆ ناڕەزامەندی دەربڕینی خەڵک.

دووەم، بزووتنەوەکان زیاتر کاتێک لەناو حکومەتە زۆردارەکاندا گەشە دەکەن کە ڕەوایەتیی ئەو حکومەتانە بەشێنەیی و لەدرێژەی زەمەن‌دا لەدەست چووبێت. هەرچی دیکتاتۆرێک زیاتر بمێنێتەوە، ناسینەوەی ئەو دیکتاتۆرە (یان ئەو سیستمە دیکتاتۆرە) بۆ هاوڵاتیان ئاسانتر دەبێت و بەکۆمەڵ لەسەر ئەمە ڕێک دەکەون کە ئەو دەبێت بڕوات. لەکاتێکدا کە لە دیموکراسییەکاندا، بزووتنەوەکان کەمتر لەسەر کەسایەتییەکان ورد دەبنەوە و زیاتر جەخت لەو سیاسەت و سیستمانە دەکەنەوە کە دەیانەوێت بیگۆڕن. سەرەڕای ئەوەش، ئەم بزووتنەوانە ناکۆکن لەسەر ئەوەی کامە چاکسازی لەنێوان سیاسەتە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا پێویست‌ترە. بۆیەشە، دیموکراسییەکان زۆربەی کات خاوەنی دەستە و گروپە جۆراوجۆرەکانن کە بەپێی بەرژەوەندییەکانیان ڕکابەریی یەکدی دەکەن. هەروەها لەوە ناچێت کە کولتورێکی تایبەت زیاتر لە کولتورەکانی دیکە هەڵگری خۆڕاگریی مەدەنی بێت. خۆڕاگریی مەدەنی بەتایبەتیلەناو بەها لیبرالە ڕۆژئاواییەکان یان باوەڕە “کریستیانی-یەهودییەکان”دا گەشە ناکات. هەموو ئاینەکانی جیهان کۆمەڵە دەق و کردارێک لەخۆدەگرن کە هۆکارگەلی پێویست بۆ خۆڕاگریی مەدەنی ئاراستە دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە بزووتنەوەکان هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن کە سەرکەوتنی وڵاتانی دراوسێیان دووپات بکەنەوە. بەڵام کاتێک چالاکانی وڵاتێک _هەرچەندەش لەڕووی ئیتنیکی یان ئاینی و مەزهەبییەوە نزیک بن لە وڵاتی دراوسێیان_ پێیان وایە دەتوانن هەوڵەکانی دراوسێکانیان دووپات بکەنەوە، زۆربەی کات شکست دەهێنن. چون حکومەتە دیکتاتۆرییەکانیش وانە لە بزووتنەوەی ئەو وڵاتانە وەردەگرن و خۆیان ئامادەتر دەکەن.

هەروەها زۆربەی کات پشتگیریی نێودەوڵەتی لە بزووتنەوە جیایی‌خوازەکان و بزووتنەوە دژەکۆلۆنیالیزمەکان _بەتایبەتی بە ڕەسمی ناسێنران لەڕووی دیپلۆماتیکەوە_ زۆر گرنگە. کەمپێنە جیایی‌خوازەکان بەبێ ئەوەی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بەڕەسمی بناسرێن سەرکەوتوو نەبوون.

ئایا فۆرمولێک هەیە بۆ کارتێکەریی کەمپێنەکانی خۆڕاگریی مەدەنی؟

بە ئەگەری زۆرەوە هیچ فۆرمولێکی جیهانی بۆ ئەمە هەبوونی نییە. هەر وڵاتێک، هەر هاوڵاتییەک و هەر تووڕەییەک تاک و تایبەتە. لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەکی بەرچاوی پەتێرن و قاڵب لەبەردەستدایە کە وەک دیارە بۆ سەرکەوتنی کەمپێنەکان کاریگەرن.

یەکێک لەو پەتێرنانە، پێکهێنانی جەماورێکی بەرفراوانە بۆ گۆڕینی دەوڵەتە نەتەوەییەکان. هیچ بزووتنەوەیەک پاش ئەوەی لەسەتا ـی١٠ ژمارەی دانیشتووانی وڵاتێک بەشداریی چالاکیان تێدا کردووە، شکستی نەهێناوە. زۆربەی بزووتنەوەکان پاش ڕێکخستنی لەسەتا ٣.٥ی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتەکەیان سەردەکەون. بەپێی “یاسای لەسەتا ٣.٥” کاتێک لەسەتا ٣.٥ـی ژمارەی دانیشتووانی وڵاتێک چالاکانە بەشدارییان کردبێت لە ڕووداوێکی بەرچاوی وەکو شەڕ، خۆپیشاندانی جەماوەری یان جۆرێکی دیکەی خۆبواردن لە هاوکاری، شۆڕشەکەیان شکستی نەهێناوە. کاتێک لەسەتا ٣.٥ـی دانیشتووان  ڕاپەڕێندرێن بۆ ئامانجێکی هاوبەش، بەدڵنیاییەوە دەکرێت بوترێت کە زۆرینەی خەڵک پشتگیریی ئەو ئامانجە دەکەن. ڕژانە سەر شەقامی کەمینەیەکی ئاوا سەرنج‌ڕاکێش، نەک هۆکار بەڵکو دەرەنجامی پشتگیریی جەماوەری خەڵکە لەو بزووتنەوەیە. سەرەڕای ئەوەش، ئەم یاسایە لە لێکدانەوەی ئەزموونەکانی ڕابردوووە بەدەست هاتووە وناکرێت وەک گەرەنتییەکی پراتیک بۆ بزووتنەوەکانی داهاتوو ڕەچاو بکرێت.

ڕێکخستن لە خۆڕاگریییە مەدەنییە سەرکەوتووەکان‌دا

هێشتا ڕێککەوتنێکی گشتی لەئارادا نییە لەسەر جۆری ڕێکخستنی خۆڕاگرییە مەدەنییە کاریگەرەکاندا. هەندێک لە بزووتنەوەکانی خۆڕاگریی مەدەنی کە سەرکەوتوو بوون، ڕێبەرایەتیی لێهاتوویان هەبووە و ئەمەش ڕێخۆشکەر بووە بۆ بزووتنەوەکە تاکو لە کۆسپ و لەمپەرەکانی سەر ڕێگەی تێپەڕێت. ئەم ڕێبەرانە بەرچاو و بەرجەوەونی جەماوەری پێناسە دەکەن، چاوەڕوانییەکان هاوبەش دەکەن و نەریتەکانی بزووتنەوەکە جێبەجێ دەکەن، پەیوەندییە گشتییەکان ڕێکدەخەن، بڕیاری ستراتژیک دەردەکەن و لەلایەن بزووتنەوەکەوە دانوستان و مامەڵە دەکەن.

لەڕووی تاکتیکییەوە، ئەگەر بزووتنەوەیەک ڕێبەرایەتییەکی ئاشکرای نەبێت، کاری دەوڵەتەکانیش قورستر دەبێت بۆ لەناوبردن ڕێبەرایەتیی بزووتنەوەکە لەڕێگەی دەستگیرکردن یان دزەکردنەوە. لەڕووی ئایدیۆلۆژیکەوە، بزووتنەوە بێ‌ڕێبەرەکان دەتوانن بۆ ئەو کەسانە سەرنج‌ڕاکێش بن کە سەرقاڵن بە خەبات لەدژی بونیاتە سەرکوتکارەکان یان لەدژی سیستمی پلەمەندی و گەندەڵی‌دا.

بەڵام خۆڕاگریی بەبێ‌رێبەر، لە درێژخایەن‌دا پێویستی دەبێت بە هەندێک پابەندیی ستراتژیک، بەتایبەتی ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە ڕێگەیەک نەدۆزێتەوە بۆ پێکهێنان و پاراستنی ڕێکخستنێک کە بتوانێت گروپ و داواکارییە جیاوازەکان هەماهەنگ بکات بۆ چالاکییەکی کاریگەر. یەکەم، ئەگەر ئەرک‌گەلی وەکو دانوستان، پەیوەندی، پێکهێنانی هاوپەیمانی و داڕشتنی ستراتژی بەسەر ئەندام‌گەلی جیادا دابەش نەکرێت، بزووتنەوەکان ناتوانن دانوستان لەگەڵ ئەو دژبەرانە بکەن کە دەیانەوێت ئیمتیاز بدەنە بزووتنەوەکە.

دووەم، کۆنتڕۆڵی قەیران لەبواری پەیوەندییە گشتییەکاندا بۆ بزووتنەوە بێ‌ڕێبەرەکان زۆر قورسترە.

سێیەم، بزووتنەوە بێ‌ڕێبەرەکان لەبواری پەیوەندیی کاریی لەگەڵ ناوەند و ڕێکخراوەکانی دیکەدا تووشی کێشە دەبن، ئەمەش لەکاتێک‌دایە کە بزووتنەوەکە بۆ ئەوەی بتوانێت پەرە بە ژمارەی لایەنگرەکانی بدات یان دژبەرەکانی لەناو ببات، دەبێت هاوپەیمانی پێک بهێنێت. چوارەم، بزووتنەوەکان پێویستییان بە ڕێگەگەلێکە بۆ لێکدانەوەی بڕیارە ستراتژییەکان، هەروەها بۆ ڕێگە‌گۆڕین و تاقی‌کردنەوەی هێڵە تازەکان. بزووتنەوە بێ‌ڕێبەرەکان ڕەنگە لەسەرەتادا بتوانن بەبێ پلانیپێشوەخت بجووڵێنەوە، بەڵام بەبێ هەبوونی بڕیاردەرانی ناوەندی و شارەزا لەبواری گۆڕینی تاکتیکەکان و داڕشتنی بەرنامەگەلی تازەدا، لەدرێژەدا بۆ پاراستنی دیسیپلین و هەماهەنگی تووشی کێشە دەبن.

هەرچەند خۆڕاگریی بێ‌ڕێبەر مومکینە بۆ کەسانێک کە متمانەیان بە دەسەڵات نییە سەرنج‌ڕاکێش بێت، بەڵام زیان‌گەلی قورسی ستراتژیکی بەدواوەیە. ئەمەش بەو واتایە نییە کە هەموو کەمپێنەکان پێویستییان بە پلەمەندیی ڕەق‌وتەق یان ڕێبەرانێک هەیە لە سەرەوەیاندا. بەڵام بۆ ئەوەی بتوانن کاریگەر بن پێویستییان بە جۆرێک لە ڕێبەرایەتی، هەماهەنگی و ڕێکخستن دەبێت.

بزووتنەوەکانی ئەم سەردەمە دوور کەوتوونەتەوە لە مۆدێلی تاک‌گەرایانەی ڕێبەرایەتی و لەبەرامبەردا شێوەی فیدرالی و هاوپەیمانی‌تەوەریان گرتۆتە بەر کە هەماهەنگیی چالاکی ڕێکخەران و هەڵسوڕاوانی بەرەی پێشەوە بە ئەولەوییەت دادەنێت. هەروەها وادیارە هەمووان لەسەر ئەمە کۆکن کە بزووتنەوەکان بۆ ئەوەی بتوانن بازنەیەکی بەربڵاوی خەڵک لەخۆ بگرن، باشترە زیاتر لە ڕادەی پێویست گرنگی نەدەن بە یەک کەسایەتی.


[i] Cognitive liberation

Tags: خۆڕاگریی مەدەنی
Next Post

بۆچی شۆڕشە ناتوندوتیژانەکان تا دێت زیاتر پەرە دەستێنن؟

Next Post
Why are non-violent revolutions becoming more common?

بۆچی شۆڕشە ناتوندوتیژانەکان تا دێت زیاتر پەرە دەستێنن؟

وەڵامێک بنووسە هەڵوەشاندنەوەی وەڵام

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Facebook Twitter Instagram Youtube LinkedIn

همه حقوق چاپ و کاپی رایت این سایت برای موسسه خشونت پرهیزی برای دموکراسی محفوظ است

No Result
View All Result
  • سەرەکی
    • ئەو دەڤەرانەی چالاکییان لێدەکەین
    • ئەرشیڤ
  • دەربارە ئێمە
    • دەربارە
    • دەستەی بەڕێوەبەر
    • ئەندامانی فەخری
    • سەرچاوە داراییەکان
    • ئەو دەڤەرانەی لێیان ورددەبینەوە
    • پەیوەندی
  • بەشداری و پشتگیری
    • کار لەگەڵ ئێمە
    • پشتگیریی مادی
  • ڕووداوەکان
    • هەواڵ
  • مەڵتی‌میدیا
  • وتار
  • کوردی
    • English
    • فارسی
    • کوردی
    • تورکجه
    • بلۆچی

همه حقوق چاپ و کاپی رایت این سایت برای موسسه خشونت پرهیزی برای دموکراسی محفوظ است

Welcome Back!

Login to your account below

Forgotten Password?

Retrieve your password

Please enter your username or email address to reset your password.

Log In

Add New Playlist