هاوکات بە چەرخی ڕۆشنگەری و دوابەدوای ئەو، بەبنەماگرتنی مرۆڤ لە سەردەمی مۆدێرندا، بەشێکی زۆر لە وێنەگەلی ژیانی مرۆڤ گۆڕان. وەک دەرەنجامێکی سروشتیی ڕۆنێسانس و مرۆگەرایی، چەمکی “زۆرداریی دەوڵەت” و “مافیی خوایی پاشایەتی” خرایە ژێر پرسیارەوە و بۆچوونگەلی نوێ لەسەر چۆنێتیی حکومەت هاتە ئاراوە. لە کۆمەڵگەی مۆدێرندا، مرۆڤەکان وەک هاوڵاتی ڕەچاو کران و لەباتی “ئەرکدار”بوون، بوون بە “خاوەنی ماف”. بەدوای ئەم گۆڕانکارییە بنەڕەتییانە لە ئاسۆی هزری مرۆییدا، گۆڕانکاریی مەدەنی و شۆڕشگەلی جیاواز لە ڕۆژئاوا هاتنە ئاراوە، ئەمەش بوو بە زەمینەیەک بۆ گەشەی کۆمەڵایەتی، زانستی و ئابووریی ڕۆژئاوا.
هەرچەند زۆربەی ئەم بزووتنەوانە بە توندوتیژییەوە هاتنە ئاراوە و نموونەگەلی جیاوازی مێژوو، لەوانە شۆڕشی فەرەنسا، شۆڕشی ئەلجەزایر، شۆڕشی چین، جەنگی ڤیەتنام و هتد، پیشانی دەدەن کە توندوتیژی تەنیا ڕێگەیە بۆ خەباتی جدی دژی دەسەڵات و زۆربەی کات دەگاتە ئەنجام، بەڵام لەئەنجامی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگەی مۆدێرندا، ئەمڕۆکە بزوتنەوەی جەماوەریی جیاواز لەسەر بنەمای خۆڕاگریی مەدەنیی بەدوور لە توندوتیژی لە سەرتاسەری جیهاندا پەرەیان سەندووە و وا خەریکن مێژوویەک پێک دەهێنن. بەگشتی دەتوانین بڵێین، کە ئەم بزووتنەوە گەورە بەدوور لە توندوتیژییانە، ڕوانگەی سیاسیی دەیان وڵاتیان گۆڕیوە لە سەرتاسەری جیهاندا.
لە ئێرانی سەردەمی هاوچەرخیشدا، پێوەرگەلی جیاواز، لەوانە خوێندنی باڵا لە ئەوروپا و ئاشنابوون بە پێشکەوتنەکانی ڕۆژئاوا، بوونە هۆی “هۆشیاریی ئێرانییەکان”، ئەمەش بزووتنەوەگەلی گرنگی وەکو “بزووتنەوەی مەشرووتە”ی لێکەوتەوە. زۆربەی ئەم بزووتنەوانە بە مەبەستی سیاسی و تێکۆشان لەدژی حکومەتە زۆردار و دەسەڵاتگەراکان هاتنە ئاراوە. هەر لەو بارەیەدا، دەکرێت بزووتنەوەگەلی بەدوور لە توندوتیژیی وەکو “شۆڕشی ١٩٨٩”، “بزووتنەوەی سەوز” و بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، بە درێژەی پرۆسەی نوێگەرایی و پێکهێنانی دیموکراسی لە ئێران دابنرێن.
لەئێستادا شەپۆلێکی نیگەرانکەر سەرتاسەری جیهانی داگرتووە، کە نیشانەیەکە بۆ پەرەسەندنی دەسەڵاتگەرایی. ڕێک ئەم خزینە بەرەو دەسەڵاتگەراییە، کە ژمارەیەکی زۆر لە بزووتنەوە جەماوەرییەکانی سەرتاسەری جیهانی هان داوە بۆ ڕابوون بەمەستی بەرگری لە دیموکراسی و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ. هەروەها هەڵکشانی ڕۆڵی تەکنۆلۆژی لە ژیانی مرۆڤدا و هاتنە ئاراوەی دەسەڵاتگەرایی دیجیتاڵ بۆتە هۆی نیگەرانییەکی تایبەت. چەرخی دیجیتاڵ، ڕواڵەتێکی ساز کردووە لە پەیوەندیگەلی کۆمەڵایەتی، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەبنەوە یاریدەری دەسەڵاتە زۆردارەکانە بۆ چاودێری، کۆنتڕۆڵ، ڕێگری لە ناڕەزاییە سیاسییەکان و وەشانی ناوەرۆکی لایەنگرانە بۆ ئەوەی کاریگەریی ئەم بزووتنەوانە لەناو ببەن یان لاواز بکەن.
لە وەها هەلومەرجێکدا، ئاگاییبەخشی ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت بۆ پشتگیریی دیموکراسی لە بەرامبەر حکومەتە دەسەڵاتگەراکاندا. کەواتە ئەم دەزگایە لە هەوڵدا دەبێت بۆ بەکارهێنانی ژێدەر و لێکۆڵینەوەی نوێ و باوەڕپێکراو لەبواری بزووتنەوە بەدوور لە توندوتیژییەکاندا، هەروەها چالاک و بەجموجۆڵ کردنی ئەم بوارە بۆ خوێنەرانی ئێرانی.
کەڵک وەرگرتن لە بۆچون و تێبینیی نەوەی نوێی ئێرانی کە لەپاش شۆڕشی ١٩٨٩ لەدایک بوون و ژیانیان ئاوێتەی چەرخی دیجیتاڵ و جیهانیبوونی کۆمەڵگەکان بووە و لەو ڕووەشەوە ڕوانگەی نوێیان هەیە بەرامبەر بە پرسە جیاوازەکان، ئامانجی سەرەکی ئەم دەزگایە دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوون و جیهانبینیی پسپۆڕانی بەئەزموون لەم بوارەدا، وەک هەمیشە بە ڕوونکەرەوەی ڕێگەکەمان دەزانین.
لە پرۆسەی ئاگاییبەخشی، ڕوماڵی هەواڵ، وتار و لیكۆڵینەوەکانیشدا جەختمان لەسەر ڕاستگۆیی دەبێت، چون زۆر بەباشی ئاگادارین، کە کۆمەڵگەی ئێرانی ساڵانێکی درێژە بەدەست چەواشەکاری، دووڕوویی، گەورە پیشاندانی ڕاستییەکان، هەیەجانە کورتماوە و تیژپەڕەکان، نەفامی و دروشمە پۆپۆلیستییەکانەوە وەڕەس بووە. هەروەها لە هەوڵدا دەبین ناوەرۆکەکانمان بە جۆرێک بێت کە هەم لەڕووی تیۆریکەوە بەکەڵک بن بۆ لێکۆڵەران و هەم لەڕووی پراگماتیکەوە بەهێز بن بۆ هەمووان.
هیوادارین هەوڵەکانمان، هەرچەند کەم، یاریدەری کۆمەڵگەی مەدەنیی بێت بۆ سازدانی داهاتوویەکی ڕۆشن بۆ ئێران.