ئێریکا چێنۆوێت
دەستەواژەی “خۆڕاگریی مەدەنی” تەنیا ماوەی سەد ساڵە کە بەکاردەهێنرێت. مۆهانداس گاندی ئەم دەستەواژەیەی لەکاتی تێکۆشان لەدژی ئیستعماری بریتانیا لە هیندستان خولقاند و لەپاش ئەو ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمیسییەن و چالاکانی مەدەنی لەوانە جین شارپ و جەیمز لاوسۆنی قەشە، ئەم دەستەواژەیەیان بۆ ئەم دیاردە نوێیە بەکار هێنا.
خۆڕاگریی مەدەنی، ڕێگەیەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و کێشمەکێش کە لەڕێگەیەوە کەسانی بێچەک بەشێوەی هەماهەنگ و سەربەخۆ لە دامودەزگاکان (بە چالاکیگەلی وەکو مانگرتن، ناڕەزایی دەربڕین، خۆپیشاندان، بایکۆت، دەزگاسازیی ئاڵتێرناتیڤ و زۆر تاکتیکی دیکە) بەمەبەستی ڕێخۆشکردن بۆ گۆڕان کەڵکی لێوەردەگرن، بەبێ ئەوەی زیان بگەیەننە لایەنی بەرامبەر یان هەڕەشەی لێبکەن.
وشەی “مەدەنی” لەزمانی ئینگلیزیدا لە وشەی لاتینی “civis” بەواتای “هاوڵاتی”ـەوە وەرگیراوە. ئەمڕۆکە دەستەواژەی “مەدەنی” واتای بەرپرسیارێتیی گشتی بەبیردێنێتەوە، واتە کاتێک ژمارەیەک هاوڵاتی ماف و پێداویستییەکانیان بە نوێنەرایەتی لە کۆمەڵگەکەیان دەردەبڕن. دەستەواژەی “خۆڕاگری” لە وشەی لاتینی “resistere”ـەوە وەرگیراوە کە تیایدا “sistere” حاڵەتی قایموقۆڵی کاری “وەستان” واتە “stare”ـە و بە پێشگری “re” تەوژمەکەی زیاتر بۆتەوە. بەم واتایە، لەڕێگەی خۆڕاگریی مەدەنییەوە، هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە لەدەوری یەکدی کۆ دەبنەوە تا بە هێز و تەوژمی زیاترەوە خۆڕاگری بکەن و داوای دادپەروەری و وەڵامدەری دەکەن.
هەندێک لە جۆرەکانی خۆڕاگریی مەدەنی وەکو ئاژاوەی بەئەنقەست لە ژوورەکانی زیندان، خۆبواردن لە چوونەدەرەوە لە نووسینگەی بەرپرسێکی ڕەسمی و هتد، دەتوانن دەرەنجامی زۆر تێکدەرانە و شەڕئەنگێزانەیان لێبکەوێتەوە. ئەو کەسانە یان دەزگایانەی دەبنە ئامانجی بزووتنەوەیەکی خۆڕاگریی مەدەنی، زۆربەی کات لەبەرامبەریدا هەست بە مەترسییەکی قووڵ دەکەن. چون ئەم جۆرە خۆڕاگرییە، دەسەڵات و پێگە و ئاسایشییان دەخاتە مەترسییەوە بەبێ ئەوەی بژاردەیەکی ڕاستەوخۆی ئەوتۆ بخاتە ڕوو بۆ چارەسەریی هاوکێشەکان. هەر بەم هۆیەشەوە، ئەم کەس و دەزگایانە، لەڕێگەی دەستگیرکردن، زیندانی کردن، کوشتنی ڕێکخراو و مەبەستدار، ئەشکەنجە و ڕێگەگەلی توندوتیژانەی دیکەوە هەڵدەستن بە سەرکوت کردنی ئەو ناڕازییانەی تاکتیکگەلی بەدوور لەتوندوتیژی بەکاردەهێنن. ئەو کەسانەی بەدوور لەتوندوتیژی خۆڕاگری دەکەن، زۆربەی کات چاوەڕوانی ئەم هەڵسوکەوتانەیان هەیە و خۆیان ئامادە دەکەن بۆ توندوتژیی لایەنی بەرامبەریان. هاوکات خۆیان لە بەکارهێنانی توندوتیژی دەبوێرن، چونکە توندوتیژی لەبەرامبەر دەسەڵاتێکی ڕیشەداکوتاوی چەکداردا، بەراورد بە تاکتیکگەلی دیکە بە ناکارامە دەزانن. هەرچەند هەندێک لە لایەنگرانی خۆڕاگریی مەدەنی باوەڕیان بە بە ئاشتیخوازی هەیە، بەڵام هەموویان جەخت لەسەر ئاشتیخوازی ناکەن و باوەڕیان پێی نییە. هەروەها هەمووی ئاشتیخوازان خۆڕاگریی مەدەنی بەکار ناهێنن، هەرچەند هەندێک لە ئاشتیخوازان باوەڕیان پێیەتی و بەکاری دەهێنن.
لەو ڕووەوە کە خۆڕاگریی مەدەنی زۆربەی کات بە هەڵە فێم دەکرێت، باشترە هەر یەکە لە پێوەرەکانی ئەم پێناسەیە بە وردبینییەکی زیاترەوە بخەینە بەر باس.
یەکەم، خۆڕاگریی مەدەنی ڕێگەیەکی “کێشمەکێش”ـە، بەم واتایە کە خۆڕاگریی مەدەنی ڕێگەیەکی ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکە کە کەسێک یان بزووتنەوەیەک بەکاری دەهێنن بۆ مەبەستە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری یان ئەخلاقییەکانی تایبەت بە خۆیان. خۆڕاگریی مەدەنی، چالاکانە پەرە بە کێشمەکێش و ململانێکان دەدات، هەلومەرجەکە تێک دەدات و هێزێک سازدەکات بۆ کاریگەری خستنە سەر یان گۆڕین و هەڵتەکاندنی باری باو و هەنووکەیی. ئەم جۆرە تێکۆشانە کاتێک ڕوو دەدات کە خەڵک لەمە تێبگەن کە دەسەڵاتداران، دەزگاکان، دەوڵەتەکان یان سیستمە سیاسییەکان بەدروستی هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ناکەن، بۆیە سیستمگەلی نوێ سازدەکەن تا بەدووداچوون بۆ نادادپەروەرییە بنەڕەتییان بکەن. خۆڕاگریی مەدەنی دژەژەهری ناچالاکی و دەستەوەستانییە.
دووەم، خۆڕاگریی مەدەنی لەلایەن کەسانی مەدەنیی بێچەکەوە بەبێ زیان گەیاندن بە لایەنی بەرامبەر ئەنجام دەدرێت. ئەو کەسانەی سەرقاڵن بەم گۆڕانکارییانە، کەسانی ئاسایین کە لەڕێگەی داهێنانەوە هەڵدەستن بە ئەنجام دانی گۆڕانکاری و کاریگەری خستنە سەر کۆمەڵگەکەیان، بۆ ئەوەش کەرەستەگەلی فشاری کۆمەڵایەتی، ئابووری، فەرهەنگی و سیاسی بەکاردەهێنن. هەروەها خۆڕاگریی مەدەنی کردەوەگەلێک ئەنجام دەدات کە توندوتیژانە نین. بۆ زۆربەی لێکۆڵەران و پسپۆڕان، بەشی “مەدەنی”ـی “خۆڕاگریی مەدەنی” بە ڕاشکاوی بەواتای ڕەت کردنەوەی کردەوەگەلی چەکدارانە یان توندوتیژانە دێت لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوە و کێشمەکێشدا. لەگەڵ ئەوەشدا پێناسەگەلی “خۆبواردن لە توندوتیژی” و “کردەوەی توندوتیژانە” خۆیان جێگەی باس و پرسیارن.
ئەو کەسانەی خۆڕاگریی مەدەنی دەکەن، لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ لایەنی بەرامبەردا چەک یان هێرشی فیزیکی وەکو مست لێدان، شەق هاویشتن، هەڵکوتان یان کوشتن بەکارناهێنن. بەڵام مەرجیش نییە کە خۆڕاگریی مەدەنی بە واتای “هاوڕێیانە”، “ڕێزدارانە” یان “بەئەدەبانە” بێت. بەپێچەوانەوە، لێکۆڵەران زۆربەی کات، قسەبڕین بە لایەنی بەرامبەر، ڕەفتارگەلی سەرەڕۆیانە، ڕوو وەرسووڕاندن، شەرمەزار کردن، ناوزڕاندن و دوورخستنەوەی لایەنی بەرامبەر بە کردەوەگەلی ناتوندوتیژانە دەزانن، کە لە ئەگەری ئاوێتە بوون بە ڕێگە و کەرەستەگەلی دیکە، دەتوانن باج و بەدەل بە سەر لایەنی بەرامبەردا بسەپێنن.
سێیەم، خۆڕاگریی مەدەدنی کاتێک ڕوودەدات کە هەماهەنگییەک لەنێوان کۆمەڵێک ڕێگە و شێوەدا بێتە ئاراوە. ئەمەش، خەباتێکی عەیارکراو و پلان بۆ داڕێژراوە و بەشێوەی مەبەستدار لە کەرەستەگەلی جیاواز وەکوو مانگرتن، ناڕەزایی دەربڕین، وەستاندنی کار، ڕێگە گرتن، خۆبواردن لە هاوکاری، یان پەرە دان بە دەزگا هاوتەریبە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کەڵ وەردەگرێت بۆ پێکهێنانی هێز و فشار لەلایەن توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگاوە. تەنیا ئەوەی خەڵک لە شەقامن و خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن بەو واتایە نییە کە سەرقاڵن بە خۆڕاگریی مەدەنی. کردەوەگەلی خۆڕسک و لەخۆوەی سەر شەقام کە وەکوو بەشێک لە ستراتژییەکی بەرفراوانتر ڕێک نەخرابن، زۆر کەم ئەو هێزەیان هەیە کە گۆڕانکارییەکی درێژخایەن بێننە گۆڕێ. هەروەها ڕێکخستنی یەک مانگرتن یان ناڕەزاییەک نابێتە هۆی ئەوەی ئەو ناڕەزایی یان مانگرتنە بە خۆڕاگریی مەدەنی بزانین. خۆڕاگریی مەدەنی، نە خۆڕسکە و نە سیمبۆلیک، بەڵکو بریتییە لە تێکۆشانێکی درێژخایەن کە دەستە و گروپی جیاواز وەکو ئەنجومەنە مەدەنییەکان، دەستەی گەنجان، یەکێتییەکان، ناوەندە مەزهەبی و گروپە کۆمەڵایەتییە جیاکانی دیکە تیایدا بەشداری دەکەن و بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ یەکدی هاوکاری دەکەن بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو.
چوارەم، خۆڕاگریی مەدەنی بریتییە لە کردەوەگەلی نادەزگایی. بە واتایەکی دیکە، خۆڕاگریی مەدەنی، ملبادانی بەئەنقەست و کارکردنی دەرەوەی دەزگاکان، یاساکان و سیستمە گەورەترەکانە کە بە نادادپەروەرانە و ناڕەوا دەزانرێن. خۆڕاگریی مەدەنی زۆربەی کات بەمەبەستی ململانێ، ڕکابەری، لاوازکردن، ڕووخاندن یان جێگرتنەوەی دەزگاکان ئەنجام دەدرێت. دەنگدان، بەڕێوەبردنی کەمپەین، نووسین و کۆکردنەوەی واژۆ و توومار، لۆبی کردن، بانگەوازیی ئەندامانی کۆنگرە، و بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کەمپەینی پشتگیری یاساییو بە خۆڕاگریی مەدەنیی دانانرێن، چون هەر کامە لەم چالاکییانە لە چوارچێوەی سیستم خۆیدا ئەنجام دەدرێن. هەندێک لەو تاکتیکانە کە بە خۆڕاگریی مەدەنی دادەنرێن چونکە لە دەرەوەی ڕێرەوە رەسمییەکانەوە ئەنجام دەدرێن، بریتین لە: بەڕێوەبردنی ڕێپێوانی ڕێگەپێنەدراو یان نایاسایی، پێشێل کردنی “یاسا نادادپەروەرانەکان”، بەڕێوەبردنی مانگرتن و وەستاندنی کار، خۆبواردن لە پێدانی باج و تاکس، هەروەها کردەوەگەلی ڕاستەوخۆ، لەوانە داخستنی بانکەکان، بایکۆتی بەرهەمەکان یان دەست گرتن بەسەر نووسینگەی سیاسەتمەدارێکدا. هەمووی ئەم چالاکییانە لە سەرووی دەسەڵاتی دەزگاکانەوە ئەنجام دەدرێن، بۆیە بە نادەزگایی لەقەڵەم دەدرێن و سەدان نموونەی دیکە لە خۆ دەگرن.
ئەڵبەتە، بە کردەوە، زۆربەی کەمپەینەکانی خۆڕاگریی مەدەنی، ئاوێتەیەکن لە کردەوە ڕەسمی و ڕێگەپێنەدراوەکان بەیەکەوە. بۆ نموونە، بزووتنەوەی مافی مەدەنیی ویلایەتە یەکگرتووەکان، جۆری جیاوازی خۆڕاگریی مەدەنییان (وەکو ڕێپێوان، بایکۆتی ئوتوبوسەکان، مانگرتن لە خواردنی نیوەڕۆ، بایکۆتی بەکارهێنەران، ڕێپێوانی بێدەنگ، نوێژ و نزای ئاینی، خۆپیشاندانی بەرفراوان، ئاژاوە نانەوە بە ئەنقەست لە زیندانەکاندا و نموونەی زۆری دیکە) لەگەڵ ڕێگەگەلی سیاسیی کلاسیک وەکو دەرکردنی ڕاگەیەندراوی گشتی، پشتگیریی یاسایی، لۆبی کردن لەگەڵ کۆشکی سپی و نوێنەرانی کۆنگرە، و پشتگیریی کاندیدگەلی دژە نەژادپەرستی بۆ پۆستە حکومەتییەکان بەکار دەهێنا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بزووتنەوانە وا تەنیا جەخت لەسەر کردەوەی دەزگایی وەکو بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی پشتگیرانە لە کاندیدە سیاسییەکان یان نامە نووسین بۆ بەرپرسە حکومییەکان دەکەنەوە، وەک بزووتنەوەی خۆڕاگریی مەدەنی ڕەچاو ناکرێن.
لە ئەنجامدا، ئامانجی خۆڕاگریی مەدەنی کاریگەری خستنە سەر بارودۆخی باو و هەنووکەییە. خۆڕاگریی مەدەنی بەدوای گۆڕانکارییەوەیە زۆربەی کات گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگەیەکی گەورەتردا. خۆڕاگریی مەدەنی کوالیتییەکی جەماوەری و مەدەنیی هەیە و ئەو دەستە و گروپ و هاوپەیمانییانە لەخۆدەگرێت کە لەگەڵ یەکدی هاوکاری دەکەن تاکو بە نوێنەرایەتی لە گروپێکی گەورەتر بەپێی دەغدەغە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، مەزهەبی و ئەخلاقییەکانیان، هەندێک داواکاریی گشتی ئاراستە بکەن.
بۆ نموونە لە چوارچێوەی بزووتنەوەی مافی مەدەنیدا، هەوڵی چالاکانی مافی ڕەشەکان تەنیا بۆ دەستەبەڕ کردنی مافی ئەندامانی بزووتنەوەکەیان نەبوو، بەڵکو بەدووای سڕینەوەی تەواوی سیستمی جیاکاری، نەژادپەرستی و زاڵبوونی نەژادی سپی لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بوون بۆ هەمووان. یان بۆ نموونە شۆڕشی سوودان کە لە نیسانی ٢٠١٩دا دیکتاتۆرییەتی عومەر ئەلبەشیری تێکشکاند، بە ئامانجی پێکهێنانی گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک، ڕژێمێکی دڕندەی لە کۆڵ هەموو خەڵکی سوودان کردەوە.
سەبارەت بە چی و چۆنێتیی خۆڕاگریی مەدەنی، تێگەیشتن لەوەی کە چی بە خۆڕاگریی مەدەنی نازانرێت دەتوانێت بەکەڵک بێت. سەرەتا، ناتوانین بە بەکارهێنانی تەنیا یەک تەکنیک بێژین خۆڕاگریی مەدەنی. خۆڕاگریی مەدەنی زۆربەی تەکنیکە دوور لە توندوتیژییەکان لەوانە، خۆپیشاندان، مانگرتن، گەمارۆ، پێکهێنانی ناوەندە جێگرەوەکان، و جۆرە جیاکانی خۆبواردن لە هاوکاری کردن_ دەگرێتەوە کە دەیانەوێت بەتایبەتی دەسەڵاتی ڕیشەداکوتاو بڕووخێنن. ئەم تەکنیکانە پێویستییان بە بە ڕێکخستن و هەماهەنگی هەیە. لە کەمپەینگەلی خۆڕاگریی مەدەنیدا، زۆربەی کات کەسان یان هاوپەیمانیگەلێک وەک ڕێبەر یان ڕێبەرایەتی ڕۆڵ دەگێڕن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ هەماهەنگی و بەڕێوەبەریی ستراتژییەکانی کەمپەینەکە. ناڕەزایی دەربڕین دەتوانێت بەشێک بێت لە خۆڕاگریی مەدەنی، بەڵام ناڕەزایی دەتوانێت بەشێوەی خۆڕسک، بەبێ ڕێکخستنی پێشوەخت، بەبێ ئامانج و ستراتژیی دیاریکراو و بەبێ هەماهەنگیی کۆمیتە هاوبەشەکانی خۆڕاگریی مەدەنی، ئەنجام بدرێت. ئەو خەڵکەی دەڕژێنە سەر شەقامەکان تاکو دژ بە نموونەیەکی تایبەتی دڕندەیی یان سیاسەتێکی سووکایەتیپێکەری تازەڕاگەیەندراو کاردانەوە پیشان بدەن، تووڕەیی خۆیان دەردەبڕن، بەڵام ئەمە بەتەنیایی بەس نییە بۆ ئەوەی چالاکیی ئەو خەڵکەی ناڕەزایی دەردەبڕن بە خۆڕاگریی مەدەنی بزانین، چون خۆڕاگریی مەدەنی بریتییە لە کۆمەڵە کردارێکی بەردەوام، هەماهەنگ و جەماوەری کە بەمەبەستی گەیشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو و بڕاوە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەمەش پێکهاتەیەک لە چەندین تەکنیک بەکار دەهێنێت. لەڕاستیدا، کاریگەرییەکانی ناڕەزاییەکی تاک و تەریک زۆر جیاوازە لە کاریگەرییەکانی ئەو زنجیرە ناڕەزاییانەی لە بەستەری کەمپەینەکانی خۆڕاگرییەکی مەدەنیدا ئەنجام دەدرێن.
دووەم، مەرج نییە کە خۆڕاگریی مەدەنی چارەسەرییەکی ئاشتیانە بێت بۆ هاوکێشەکان. لەڕاستیدا، خۆڕاگریی مەدەنی بەشێوەیەکی ئافرێنەرانە پەرە بە هاوکێشەکان دەدات. لەگەڵ ئەوەشدا، چارەسەریی هاوکێشەکان لە زۆربەی کەمپەینەکانی خۆڕاگریی مەدەنیدا ڕۆڵیان هەیە، جا یان وەکو ڕێگەچارەی بزووتنەوەیەک بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و تێکهەڵچوونە ناوخۆییەکان، یان وەکو ڕێگەیەک بۆ دانوستان بەم مەبەستە کە بەرهەڵستکارەکانیان ڕاکێشنە سەر مێزی گفتوگۆ. بۆ نموونە ساڵی ١٩٨٩ لە پۆلاندا، یەکێک لەو ڕێگەیانەی بووە هۆی سەرکەوتنی بزوونەوەی یەکڕیزی و ڕووخانی دەوڵەتی کۆمۆنیستی، دانوستانە مێژووەکانی بزووتنەوەکە بوو لەگەڵ هەڵبژاردە و ئێلیتەکانی حزبی کۆمۆنیست. لەم دانوستانانەدا، ژمارەی ٣٠ کەس لە ڕێبەرانی بزووتنەوەی یەکڕیزی و ئۆپۆزیسیۆن توانیان قەناعەت بە دەوڵەت بێنن کە ڕێگە بە چالاکیی یەکێتییە کرێکارییە ئازاد و سەربەخۆکان بدەن.
چەند مانگێک دواتر، بزووتنەوەی یەکڕیزی، لە هەڵبژاردنی سەرتاسەریدا سەرکەوت و حزبی کۆمۆنیستی لە حکومەتە زۆردارانەکەی وەلانا. ئەمەش سەرەتای کۆتایی هاتنی کۆنتڕۆڵی کۆمۆنیستەکانی یەکێتییی سۆڤیەت بوو بۆسەر ئەوروپای ڕۆژهەڵات. تەنیا هۆکاری سەرکەوتنی بزوتنەوەی یەکڕیزی ئەوە بوو کە توانی دەوڵەت ڕاکێشێتە سەر مێزی دانوستان. چون، ئەو کەمپەینە بۆ خۆڕاگریی مەدەنی بۆ ماوەی ٩ ساڵ، چالاکیأگەلی سەرکەوتووی وەکوو مانگرتن، داخستنی کارگەکان، ناڕەزایی، دامەزراندنی زانکۆی ژێرزەمینی، و چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی نایاسایی Solidarnośc (یەکڕیزی) ئەنجام دابوو.
مەرج نییە کە خۆڕاگریی مەدەنی یەکسان و هاوواتا بێت لەگەڵ خۆپاراستن لە توندوتیژی، هەرچەند مومکینە لەسەر ئەم بنەمایە بەڕێوەبچێت. پابەندیی بە چەمکی خۆپاراستن لە توندوتیژی لەجیاتیی پابەندیی بە خۆڕاگریی مەدەنی، لەو بەڵگەهێنانەوە ئەخلاقییانەوە سەرچاوە دەگرێت کەبەپێی ئەو دروستترین ئاقار بۆ چالاکیی سیاسی، چ وەکوو کەرەستە و چ وەکوو ئامانج و مەبەست، ئاقاری دوور لە توندوتیژییە. خۆپاراستنی جەوهەری لە توندوتیژی لەسەر بنەمای هۆکارە ئەخلاقییەکان بەکارهێنانی توندوتیژی ڕەت دەکاتەوە. هەر بەم شێوەیەش، ئاشتیخوازی هەڵوێستێکی جەوهەرییە کە بەکارهێنانی توندوتیژی بەبێ هیچ مەرج و ئاوارتەیەک ڕەت دەکاتەوە و بەکارهێنانی بە کردەوەیەکی نائەخلاقی دادەنێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە ئاشتیخوازان گەیشتوونەتە ئەم باوەڕە کە جێگرەوە ناتوندوتیژانەکان زۆر باشتر لە بژاردە توندوتیژانەکان کار دەکەن، بەم هۆیەشەوە پابەندن بە دروستیی ئەخلاقی هەم کەرەستە و هەم مەبەست و ئامانجەکانیان.
ئەم باباتە هەموو ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە پابەندن بە “خۆڕاگریی مەدەنی”، ئەوان مومکینە لە دەستپێکدا تەنیا جەخت لە ستراتژی بکەنەوە، نەک ئەخلاق. زۆربەی ئەو کەسانەی پشتگیریی ئایدیای خۆڕاگریی مەدەنی دەکەن، ئەم شێوەیە بە جێگرەوەیەکی کارا دەزانن بەرامبەر بە توندوتیژی. بۆیەشە زیاتر لەمە دەکۆڵنەوە کە خۆڕاگریی مەدەنی کەی و چۆن کار دەکات، نەک ئەوەی کە خۆڕاگریی مەدەنی لەباری ئەخلاقییەوە ئەولەوییەتی هەیە بەسەر توندوتیژیدا یان نا. سەرەڕای ئەوە، زۆربەی ئەو کەسانەی لەم بارەیەدا لێکۆڵینەوە دەکەن یان لایەنگری چالاکییە ستراتژیکە دوور لە توندوتیژییەکانن، خۆیان ئاشتیخوازن.
زۆربەی ڕێگە و شێوە دوور لە توندوتیژییە، تێکدەر، نایاسایی و جێگەی پرس و باسن. ئەم جۆرە چالاکییانە، دەبنەی هۆی تووڕەیی خەڵک لە گەشتیارە ئاساییەکانەوە بگرە تا بەرپرسە سیاسییەکان. ئەو کەسانەی چالاکیی بەدوور لە توندوتیژی ئەنجام دەدەن، مومکینە لە مەترسیی دەستگیربووندا بن یان هەڕەشەی زیانی جەستەییان لەسەر بێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک بەنیاز نین کە زیانی فیزیکی بگەیەننە کەسانی دیکە، تەنانەت هەڕەشەی زیانی جەستەییش لە کەسانی تر ناکەن.
کەمپەینەکانی خۆڕاگریی مەدەنی چۆن دەست پێ بکەن؟
کەمپەینەکانی خۆڕاگریی مەدەنی بە هۆکارگەلی جۆراوجۆر دێنە ئاراوە. نادادپەروەری و کەڵەکەبوونی سووکایەتی و بێڕێزی بە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان لە ماوەیەکی کاتیدا وادەکات کە خەڵک لە دەوری یەکدی کۆببنەوە تاکو لە ڕێگەگەلی جیاوازەوە بەرامبەر بەم بەدڕەفتارییانە بوەستن، بۆیەشە دیاری کردنی دەستپێکێکی ڕێک بۆ کەمپەینەکانی خۆڕاگریی مەدەنی تۆزێک ئاستەمە.
سەرەڕای ئەوە، چەند پێوەر و هۆکاری دیار هەن کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان هەیە بە دەستپێکردنی کەمپەینەکانی خۆڕاگریی مەدەنییەوە. یەکێک لەم پێوەر و هۆکارانە، زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانە. لە وڵاتە گەورەکاندا وەکوو چین، هیندستان، ویلایەتە یەکگرتووەکان و ڕوسیا، ئەم ئەگەرە زیاتر لە ئارادایە کە خڵکەکەی ڕووداوگەلی سیاسیی جیاواز ئەزموون بکەن. هۆکارێکی دیکە بەهرەمەندبوونە لە “هەڵاوسانی ڕێژەی گەنجان” یان هاوڵاتیانی تەمەن ١٥ بۆ ٢٦ ساڵ، کە بەشێکی ناهاوڕێژی کۆمەڵگە پێکدەهێنن. ئەم پێوەرە زۆر گرنگە، چون چالاکانی گەنج و بەتایبەتی خوێندکاران خوازیار و ئارەزوومەندن بۆ هاندانی ناڕەزایی و خۆڕاگری. چون ئەوان کاتی زیاتریان هەیە، هۆکارگەلی زیاتریان هەیە بۆ بەدەست هێنان و هۆکارگەلی کەمتر بۆ لەدەستدان، هەروەها زۆربەیان کە شوێنی دیاریکراو و چەقبەستوو وەکوو خوێندنگا جێگیر کراون.
هەرچەند بەشێکی بەرچاوی خەڵک لەسەر ئەم باوەڕەن کە دیارترین هۆکاری سەرهەڵدانە جەماوەرییەکان تێکشکان و دڵساردیی ئابوورییە. بەڵام گیروگرفتە ئابوورییەکان لەوانە، هەژاری، نایەکسانی، هەڵاوسانی ئابووری، یان شۆکە ئابوورییەکان و هتد، لانیکەم لە ساڵی ١٩٩٥ـەوە تاوەکو ٢٠١٣ بەشێوەیەکی سیستماتیک نەبوونەتە هۆی سەرهەڵدانی جەماوەری بۆ دەستپێکردنی خۆڕاگریی مەدەنی. لە بەرامبەردا، تاوانە سیاسیەکان لەوانە، دەسەڵاتگەرایی و پێشێلکاریی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ وەکو ئەشکەنجە، لێدان، زیندانی سیاسی، یان کوشتنی هەڕەمەکی بەدەستی پۆلیس یان دەوڵەت، هاندەری سەرەکی بوون بۆ دەستپێکردنی بزووتنەوەکانی خۆڕاگریی مەدەنی. بەواتایەکی دیکە، هەرچەند کە حکومەتێک زۆردارتر و سەرکوتکەرتر بێت ئەگەری ئەوەی بزووتنەوەیەکی بەدوور لە توند و تیژی لەو وڵاتە سەرهەڵبدات زیاترە.
هەروەها بەپێی لێکۆڵینەوەکان، پێوەرگەلی وەکو ئاستی خوێندەواری، دوایین تێکهەڵچوونە چەکدارییەکان، فرەڕەنگیی ئیتنیکی و زمانی، جۆری زۆرداری (سەربازی، تاکەکەسی، تاکەحزبی یان پاشایەتی)؛ و گەشەی ئابووری یان هەڵاوسان، هیچ پەیوەندییەکی سیستماتیکیان بەوەوە نییە کە لەو وڵاتە تایبەتەدا بزووتنەوەیەکی خۆڕاگریی مەدەنی سەرهەڵبدات یان نا.
ئامانجی کەمپەینی خۆڕاگریی مەدەنی چییە؟
زۆربەی بزووتنەوەکان تەنیا یەک بابەت ناکەنە ئامانج بەڵکو داخوازی و داواکاریگەلی گشتگیریان هەیە کە لە چوارچێوەی بزووتنەوەکەدا بەوردی خراونەتە بەر باس، بەتایبەتی ئەگەر ئەو بزووتنەوەیە سەرنجی بەشێکی فرەڕەنگتری کۆمەڵگەی ڕاکێشابێت. زۆربەی چالاکان لەسەر ئەم باوەڕەن کە لە ئارادابوونی مەبەست و ئامانجی دیار و شەفاف زۆر گرنگترە لەوەی هەمووان لەسەر تاکە یەک ئامانج ڕێک کەوتبن.
هەروەها چون داوای کۆتایی هێنان بە شتێکی خراپ زۆربەی کات ئاسانترە لە دەربڕینی داخوازییەکی ڕوون و شەفاف بۆ گەیشتن بە شتێکی باش، وا ئاسانترە بۆ بزووتنەوە جەماوەرییەکان کە دەسەڵات لە دیکتاتۆرییەکی بێڕەحم بستێننەوە (“خەڵک داواکاری ڕووخانی ڕژێمن”)، تاکو ڕێککەون لەسەر ئەوەی کێ دەبێت حکومەت بکات یان دەوڵەتەکان چۆن دەبێت هەڵبژێردرێن. چون ڕووخاندنی حکومەتی یەک دیکتاتۆر پێویستی بە وەستان و خۆڕاگری هەیە بەڵام پێکهێنانی دەوڵەت پێویستیی بە کات و دانوستان و ڕێککەوتن هەیە.
دانانی مەبەست و ئامانجێکی شەفاف و ڕوون دەتوانێت بەم واتایە بێت کە بزووتنەوەکان پێویستە بەشێوەی کاتی بانگەشەکانی دیکە وەلا بنێن یان لانیکەم دەستەیەکی دیار لە مەبەستەکانیان بکەنە ئامانج تا بزووتنەوەکە بەرەو سەرکەوتن یان دوایین ئامانجە پەتییەکانی هان بدەن.