بەباوەڕی زۆر کەس، گەورەترین مەترسیی سەر کۆماری ئیسلامی لەسەرەتای دامەزرانییەوە تاوەکو ئێستا بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” بووە. لەنێوان ئەم بزووتنەوەیە و شەپۆلە ناڕەزاییەکانی پێشووی ئێراندا چەندین جیاوازیی سەرەکیی لەئارادایە کە هەر کامەیان دەتوانن وەک خاڵی بەهێزی ژن ژیان ئازادی بەناو بکرێن. داشکانەوە بەرەوە تاکتیکە ناتوندوتیژەکان بەمەبەستی خۆپاراستن لە سەرکوتی هێزەکانی حکومەت یەکێکە لە سەرەکیترین خاڵە بەهێزەکانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بەراورد بە ناڕەزاییە سەراسەرییەکانی پێش خۆی کە هاوکات گرنگترین فاکتەریشە بۆ درێژخایەن بوونی ئەو بزووتنەوەیە. چەند لە خاڵە بەهێزەکانی دیکەی ئەم بزووتنەوەیە بریتین لە، جۆری ڕێبەری و پێشەنگیی بزووتنەوەکە کە بەپێچەوانەی هەمیشەوە نە بێڕێبەر بوو و نە پەیڕەوی ڕێبەرایەتیی تاکەکەسی و چەقبەستوو، فرەرەنگیی ئەو چین وتوێژانەی کۆمەڵگە کە بەشدارییان تێداکرد کە لەئەنجامدا بووە هۆی پێکهاتنی یەکدەنگی و یەکێتییەکی سەراسەری، داهێنانی تاکتیکگەلی جیاجیا لەجیاتیی ئامادەبوونی بەردەوام لە شەقامەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە حکوومییەکان، بەکارهێنانی تەنز و گاڵتە و گەپ، هونەری ناڕەزایی، دادپرسی و ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵگەی جیهانی.
لەلایەکی دیکەوە پشتبەستنی لەڕادەبەدەر بە ئۆپۆزسیۆنی دەرەوەی وڵات گرنگترین خاڵی لاوازی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوو، کە لە نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی لێهاتوو لەناوخۆی وڵاتدا هاتە ئاراوە. ئەم بۆشاییە وایکرد هاوپەیمانیی “مەهسا” لەدەرەوەی وڵات پێک بێت و پاشان زۆر بەخێرایی هەڵوەشێتەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی نائومێدییەکی گشتگیر هەمووان دابگرێت و هەلی پرۆپاگاندای دژی بزووتنەوەکە بۆ حکومەت بڕەخسێت.
هاوکات بزووتنەوەکە نەیتوانی میکانیزمێک سازبکات بۆ ڕێگری لە دووپات بوونەوەی ئەو جنێوە ڕەگەزپەرستانانەی لە کولتوری پیاوسالاردا بەئاشکرا بەمەبەستی سووکایەتی کردن بە ژنان بەکاردێن.
خۆجیانەکردنەوە لەو هەڵمەتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هاندەری قینتەوەری یان بەکارهێنانی توندوتیژی دژی هێزە حکومییەکان بوون، یەکی تر لە خاڵە لاوازەکانی بزووتنەوەکە بوو، ئەمە وایکرد حکومەت بتوانێت کرداری توندوتیژانەی کەمینەیەک بەسەر هەموو خەڵکدا بگشتێنێت و بەو پێیەش لەدژیان سەرکوتی توندوتیژ بگرێتە بەر.
- خۆبواردن لەتوندوتیژی
حکومەتی ئێران لە چەند مانگی سەرەتای بزووتنەوەکەدا هەموو کارێکی کرد تاکو خەڵک هان بدات بەرەو توندوتیژی، بەڵام سەرنەکەوت. حکومەتە دیکتاتۆرەکان بەم جۆرەڕێگەی بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خەڵک بۆخۆیان خۆش دەکەن.
بڵاوکردنەوە و بەشکردنی ئەو ڤیدیۆیانەی لەناویاندا ناڕازییان دژی هێزە حکومییەکان توندوتیژییان بەکاردەهێنا، بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ساختەی هاتنەوەی پێشمەرگە بۆ ناو شاری شنۆ و هێرشی تیرۆریستی بۆسەر مەزاری شاهچراغ لە شیراز کە دواتر دەرکەوت حکومەت پێشوەخت ئاگاداریی بووە و ڕێی لەنەگرتووە، سێیان لەو هەوڵانەی حکومەت بوون بۆ ئەوەی تۆمەتی توندوتیژی بخاتە پاڵ ناڕازییان و بەم جۆرە بەکارهێنانی توندوتیژی بۆخۆی بەڕەوا بکات.
- ڕێبەرایەتیی بەبێناوەند
بزووتنەوەکانی ئەم سەردەمە چیتر پەیڕەوی ڕێبەڕایەتیی ناوەندی و تاکەکەستەوەر نین. هەرچەند ئەم بزووتنەوانە هەل بۆ دانوستان لەسەرەوە لەگەڵ حکومەت دەڕەخسێنن، بەڵام لە بەرامبەردا ئەم دەرفەتەش دەدەنە حکومەت کە بە دەستگیر یان گۆشەگیرکردنی ڕێبەرانی بزووتنەوەکە، گورزی لێبدەن و هەوڵ بدەن بۆ دامرکاندنی. لە بزووتنەوەی سەوزدا کە ساڵی ٢٠٠٩ لەئێران سەری هەڵدا، حکومەت توانی بە گۆشەگیرکردنی “میرحسێن مووسەوی”، “زەهرا ڕەهنەوەرد” و “مهدی کەڕووبی”، ڕێبەرانی ئەو سەردەمەی ناڕازییان لەئێران، بزووتنەوەکە سەرکوت بکات. لە ناڕەزاییە سەراسەرییەکانی زستانی ٢٠١٧ و ئابانی ٢٠١٩دا هەرچەند ڕێبەرایەتیی ناوەندی و تاکەکەسی لەئاردا نەبوو، بەڵام هیچ ڕێبەرییەکی جێگرەوەش سەری نەگرت هەر بەم هۆیەشەوە ناڕازییان نەیانتوانی بەرامبەر بە هێزی سەرکوتی حکومەت خۆ ڕێک بخەن و بۆ ماوەیەکی درێژ بەرامبەری خۆڕابگرن.
بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەم ڕووەوە نە لە دەستەی بزووتنەوە بێڕێبەرەکاندا جێ دەگرێت و نە ئەو بزووتنەوانەی خاوەنی ڕێبەرییەکی ناوەندی و چەقبەستوون. هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی خەڵکەوەم دەستە و ئەنجومەن و سەندیکا و گروپە جیاجیاکان هەر کامەو بە جۆرێک ڕێبەریی بەشێک لە کۆمەڵگەیان لەئەستۆ گرت و بەشێکی ناڕەزاییەکانیان ڕێکخست. ئەم ڕێبەرییە جیاوازانە لە بەردەوامیی بزووتنەوەکەدا توانیان زیاتر بەیەکەوە هەماهەنگ بن و چالاکی و هەڵمەتی هاوبەش بەڕێوەببەن.
بانگەوازیی کۆمەڵێک چالاکانی مافی ژنان بۆ ڕژانە سەر شەقام لەدژی کوژرانی “ژینا ئەمینی”دا یەکەم نیشانەی ئەم جۆرە ڕێبەرییە تازەیە بوو کە ئێوارەی ٢٨ی خەرمانان پێشوازیی بەرچاوی خەڵکی بەخۆیەوە بینی. لەلایەکی دیکەوە لە چەند حاڵەتدا هەر شەش حزبە سیاسییە سەرەکییەی کوردستان بانگەوازیی هاوبەشیان بۆ مانگرتن و دەربڕینی ناڕەزایی بڵاوە کردەوە کە ئەمەش وەک خۆی بێوێنە بوو. هاوکات بانگەوازیی ئەنجومەنە پیشەیی و کرێکارییەکان بەتایبەتی شۆرای هەماهەنگیی ئەنجومەنە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران توانیان کرێکاران، مامۆستایان و خوێندکاران ڕێکبخەن و تەڤڵی بزووتنەوەکەیان بکەن.
- تەنز و گاڵتە و گەپ
تەنز و گاڵتەوگەپ دەتوانێ پرۆپاگاندای حکومەت لاواز بلات، هەروەها کەشێکی شاد و کارناواڵیانە بۆ بزووتنەوەکە دروست بکات تا بەم جۆرە هەستی ترس و مەترسی لە خەڵک دووربخاتەوە. “سێرژا پاپۆڤیچ“، چالاک و لێکۆڵەر لەبواری بزووتنەوە مەدەنییەکاندا و یەکێک لە ڕێبەرانی ساڵی ٢٠٠٠ی بزووتنەوەی خوێندکاران لە سێربستان کە لە ڕووخانی حکومەتی میلۆشۆویچدا ڕۆڵی سەرەکی هەبوو، دەڵێت: “تەنز و گاڵتە و گەپ نەک تەنیا هەستی ترس و مەترسی لە بزووتنەوە دووردەکاتەوە، بەڵکوو یەکێکە لە بەرچاوترین جۆرەکانی “چالاکیی تەنگپێهەڵچنین”.(1)”
“چالاکیی تەنگاوکەر” یان وەکچۆن لەسەرەوە ناوی برا “چالاکیی تەنگپێهەڵچنین”، بەو چالاکاییە ناتوندتیژانە دەوترێت کە لایەنی بەرامبەر دەخاتە سەر دووڕێیانییەک کە هەر دوو ڕێیەکەی دۆڕان بێت. بۆ نموونە لەمیانەی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا ناڕەزاییان لەسەراسەری ئێراندا لەسەر هەزاران تەنەکەی زبڵ نووسیان “ماڵی ڕەهبەر” (مەبەستیان لە ڕەهبەر “عەلی خامەنەیی”، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بوو). بەم جۆرە هێزەکانی حکومەتیان خستە سەر ئەم دووڕێیانییە کە؛ یان دەبوو دەست بۆ تەنەکە زبڵەکان نەبەن و لێیان گەڕێن، یان دەبوو پەلاماریان بدەن و هەوڵ بدەن بۆ دەستگیرکردنی تەنەکە زبڵەکان! لە یەکەم حاڵەتدا نەدەکرا چون لەسەری نووسرابوو ماڵی ڕەهبەر، لە حاڵەتی دووەمیشدا کارەکەیان زۆر گەمژانە دەردەکەوت و دەبووە مایەی گەپ و گاڵتەجاری ناڕازییان.
- فرەڕەنگیی بەشداربووانی بزووتنەوەکە
تێکئاڵاویی (٢) چەوسانەوەی ڕەگەزی و نەتەوەیی دەربارەی کوژرانی ژینا ئەمینی، هاوخەمیی زۆربەی کەمینە ستەملێکراوەکانی ئێرانی بەرەو خۆی ڕاکێشا. هاوکات هەر کامە لە توێژە هەژار و پەراوێزنشینەکان و چینی کرێکاریش بە ئامانج و مەبەستی تایبەت بەخۆیانەوە پەیوەستی بزووتنەوەکە بوون. لەلایەکی دیکەوە چینی مامناوەند بۆ داوای ئازادییە سیاسی و کولتورییەکانی بەشداری بزووتنەوەکە بوو. فرەڕەنگیی و پڕدەنگیی ژن ژیان ئازادی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگەی گرتەوە. لێکۆڵینەوە تیۆری و وردبوونەوە مێژووییەکان نیشانی دەدات کە بەشداریی ژمارەی بەرفراوان لە چین و توێژ و دەستە و گروپە جیاکانی کۆمەڵگە یەک لە سەرەکیترین فاکتەرەکانی سەرکەوتنی هەر بزووتنەوەیەکە.
پرژماری و فرەڕەنگیی جەماوەریی لەلایەکەوە زەمینە بۆ یەکدەنگی و یەکێتییکی گەورەتر ئامادە دەکات و لەلایەکی دیکەوە کەشێک پێکدەهێنێت کە تیایدا لایەنگران و پشتیوانانی حکومەت بتوانن بەخۆدا بچنەوە و ئەگەر قەناعەتیان پێ بکرێت لە هەڵوێستەکانی پێشوویان پاشگەز ببنەوە. بۆیەش لەمیانەی بزووتنەوەکەدا دەیان پاڵپشت و هاوکاری حکومەت بەتایبەتی لەکوردستان داوای لێبوردنیان کرد لە خەڵک و گەڕانەوە ناو ڕیزەکانی جەماوەری ناڕەزاییان.
- فرەڕەنگی و پرژماربوونی تاکتیکەکان
داهێنانی تاکتیکی لە خەباتی مەدەنیدا نەک تەنێ توندیی سەرکوت کەم دەکاتەوە، بەڵکو دەرفەت دەداتە هەمووان بەشداریی بزووتنەوەکە بن. هەرچەندیش بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە ئامادەبوونی جەماوەریی خەڵک لەسەر شەقامەکان ناوی دەرکرد، لەڕاستیدا ئەوەی بووە هۆی بەردەوامیی و درێژخایەنیی بزووتنەوەکە نەک ئامادەبوونی گرسەیی لەسەر جادەکان بەڵکو بەکارهێنانی ئەو تاکتیکانە بوو کە بەبێ ڕووبەڕوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزەکانی حکومەت بەڕێوەدەچوون.
مانگرتنی کرێکاران، سەرپێچی مەدەنی وەکو خۆبواردن لە بەجێهێنانی حیجاب، بەجێهێشتنی پۆلەکانی خوێندن لە زانکۆ و قوتابخانەکان، دڕاندنی کتێبەکانی خوێندن، درووشم نووسین لەسەر دیواری کۆڵان و شەقام و دامەزراوە شارییەکان، ئاگردان و هێنانە خوارەوە پۆستەر و پەیکەرەکانی قاسم سولەیمانی و سیمبۆلە حکوومییەکانی دیکە، داپۆشانی کامێرا چاودێرییەکان بە ماکسی لەلایەن ژنانەوە، هەڵدانی مێزەری مەلاکان و گۆڕانی وتن، پێرفۆرمەنس و شانۆی سەرشەقام، هەڵپەڕین و سەماکردن لە شەقامەکان چەند لەو تاکتیکانەن کە لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا بەچڕی بەکارهێنران.
- هونەری ناڕەایی
بەباوەڕی “ئێریکا چێنۆوێس”، تیۆریسیەن و لێکۆڵەری بواری خۆڕاگریی مەدەنی دەتوانێت بانگەشە و ڕەوایەتییەکانی یەک بزووتنەوە پیشان بدات، چێنۆوێس دەڵێت بۆ نموونە گۆرانی وتن دەتوانێت ترس دوور بکاتەوە لە ناڕازییان یان ئەو کرێکارانەی مانیان گرتووە و لەمەترسیی هێرشی پۆلیسدان. هونەری ناڕەزایی هەروەها گێڕانەوە دژەنریتەکان بەهێز بکات و ببێتە هاندەر و ورووژێنەر بۆ کردار یان دەست بەکاربوونی چالاکانی دیکە.
لەلایەکی دیکەوەئەو هونەرەی کە لەدڵی بزووتنەوەیەکەوە هەڵدوقوڵێت بەهێزترین و کارامەترین کەرەسەیە بۆ پەیوەندی گرتن بە کۆمەڵگای جیهانییەوە. ئەمەش لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا یەکەم جار لەڕێگەی گۆرانیی “برای” بەدەنگی “شێرڤین حاجیپوور” هاتە ئاراوە. ئەم گۆرانییە زۆر خێرا بوو بە سیمبۆلی بزووتنەوەکە و هونەرمەندانی گەورە لەئاستی جیهانیدا چرییان و لە ئەنجامدا خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٢ـی “گرێمی”ـی پێبەخشرا.
سەمای کچانی ئیکباتان یەکی دیکە بوو لە بەرهەمە هونەرییەکانی ئەم بزووتنەوەیە و هەڵمەتێکی جیهانیی لێکەوتەوە بۆ دژایەتیی ئاشکرای حکومەتی ئێران. نموونەیەکی دیکە نمایشی فیگوری “خۆدانوور لەجەیی” بوو لەلایەن ژمارەیەکی زۆری هونەرمەندانەوە، کە لەکاتی دەسگیربوونی لەلایەن پۆلیسەوە هەردوودەستی بە کۆڵەکەی ئاڵای کۆماری ئیسلامییەوە بەسترابووەوە.
- بەبەڵگەکردنی تاوانەکانی حکومەت
بەشداربووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بەڕێژەیەکی بەرچاو وێنە و ڤیدیۆ و دەنگی خۆیان لەکاتی ناڕەزایی دەربڕین و سەرکوتی هێزە حکومییەکاندا تۆمار و بڵاو کردەوە. بەم جۆرە ڕێگرییان کرد لەوەی دامودەزگای پرۆپاگاندای حکومەت گێرانەوەی نەڕاست لە بزووتنەوەکە بڵاو بکاتەوە. ئەمانە هاوکات بوونە بەڵگە و داکومێنت بۆ سەلماندنی تاوانەکانی حکومەت دژی هاوڵاتیان.
لەمیانەی ناڕەزاییەکاندا لانیکەم لە دوو حاڵەتدا هاوڵاتیان خۆیان وێنەی کوژرانی خۆیان تۆمارکرد. “غەزالە چەلابی“، لەکاتی وێنەگرتنی گردبوونەوەی خەڵک لە شاری ئامۆل و “شیرین عەلیزادە” لەکاتی وێنەگرتنی هێزە سەرکوتگەرەکان کرانە ئامانجی گولـلە و گیانیان بەخت کرد.
ئەمەش وەبیرهێنەری بەشێکی فیلمی “جەنگی شیلی” (١٩٧٥) لەدەرهێنانی “پاتریسیۆ گوسمان”ـە کە تیایدا وێنەگری فێلمەکە لەکاتێکدا وێنەی هێزە سەربازییەکانی ژەنەڕاڵ پینۆشەی دەگرت کرایە ئامانجی گولـلە و خۆی و کامێراکەی بەبرینداری کەوتنە سەر ئەرز.
————–
- Dilemma Action
- Intersectionality