نووسەر: ئێریکا چێنۆوێت
یەکەم وەڵام ڕەنگە ئەوە بێت کە خەڵکێکی زیاتر لە سەرتاسەری جیهاندا ئەم ڕوانگەیەیان قبوڵ کردووە، کە خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە ڕێگەیەکی ڕەوا و سەرکەوتووە بۆ گۆڕانکاری.
دووەم، تێکنۆلۆژیی زانیاری وایکردووە کە زانیاریی تایبەت بەو ڕووداوانەی پێشتر ڕانەدەگەیەندران یان کپ دەکران ئاسانتر لە جاران بگاتە دەستی خەڵک، کەمینەی ئێلیتەکان چیدی ناتوانن زانیارییەکان بەئاسانی کۆنتڕۆڵ بکەن و ئەمەش پیشانی دەدات کە ئەمڕۆکە دۆزینەوەی هەواڵ و زانیاریی بۆ هاوڵاتیانی ئاسایی ئاسانتر بووە لە جاران.
سێیەم، توندوتیژی واخەریکە لە بازاڕ دەکەوێت. هۆکاری ئەمەش کەم بوونەوەی پشتیوانییە دەوڵەتییەکانە بۆ گروپە چەکدارەکان، کە بەتایبەتی لەپاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بەئاشکرا کەمی کردووە.
چوارەم، لەپاش جەنگی دووەمی جیهانی ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵک ڕوویان کردە پشتگیری کردنی مافەکانی مرۆڤ، دادپەروەری و نەهێشتنی توندوتیژی، و ئەمانە بوون بە داواکارییە سەرەکییەکان.
بەڵام ڕەنگە نیگەرانکەرترین بابەت ئەمە بێت، کە لەئێستادا زۆرینەی خەڵکی جیهان ڕێکخستنی جەماوەری لەدژی ستەم و زۆرداری بە پێویستتر دەزانن. لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتە دیموکراتەکان زیاتر لە هەموو کاتێک سست بوونەوە و ڕوویان لە دەسەڵاتگەرایی کردووە. ئامارەکان پیشانی دەدەن کە لە ساڵی ١٩٠٠ـەوە بۆ ٢٠١٩، زیاتر لە لەسەتا ٥٠ـی شۆڕشە ناتوندوتیژانەکان سەرکەوتوو بوون.هەرچەند ڕێژەی تێکڕای سەرکەوتنی شۆڕشە ناتوندوتیژانەکان لە ساڵی ١٩٦٠ـەوە بۆ ٢٠١٠هەر لەو دەوروبەرەدا بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە بۆ ئێستا ڕێژەی سەرکەوتنی هەموو شۆڕشەکان کەمی کردووە. لەڕاستیدا تەنیا لەسەتا ٣٤ی شۆڕشە ناتوندوتیژانەکان لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا سەرکەوتوو بوون، لەکاتێکدا ئەم ڕێژەیە بۆ شۆڕشە توندوتیژانەکان کەمتر بووە لە لەسەتا ٩. کەواتە، ١٠ ساڵی ڕابردوو پارادۆکسێکی نیگەرانکەرمان پیشان دەدات: ئەگەرچی خۆڕاگریی مەدەنی بووە بە باوترین ڕێگەی خەباتە شۆڕشگێڕانەکان، بەڵام لەماوەیەکی کورتدا کارتێکەریی ئەو جۆرە خەباتەش کەمی کردووە.
لێرەدا، دەکرێت گۆڕانی زەمینە جیهانییەکانی کەمپێنگەلی خۆڕاگریی مەدەنی، بە قبوڵکراوترین هۆکار بۆ کەمبوونەوەی کارتێکەریی ئەو کەمپێنانە لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە بەدوا دابنرێت.
یەکەم، بزووتنەوە هاوچەرخەکان مومکینە بەرەوڕووی ڕژێمگەلێکی زۆردارتر ببنەوە. ئەو ڕژێمانەی کە لەڕێگەی پشتگیری کردنی هاوپەیمانان و لایەنگرە ناوچەییەکانیانەوە، زیندانی کردنی ئەندامانی باڵای ئۆپۆزسیۆن یان هاندانی بزووتنەوە جەماوەرییەکان بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی، توانیویانە بەسەر قەیرانە بەدووی یەکەکاندا زاڵ بن. هەندێک لەو ڕژێمانە هەوڵی ناوزڕاندنی ناڕازییان دەدەن لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆی جۆراوجۆر، لەوانە تۆمەتبارکردنی ناڕازییان بەوەی لەلایەن پیلانە دەرەکییەکان یان ئیمپریالیزمەوە پشتگیری دەکرێن. هەندێکی دیکە _وەکوو ئێران، ڤەنزوێلا، تورکیا، سوریا، هۆنگکۆنگ، چین و ڕوسیا_ پشتیان بەستووە بە پاڵپشتە نێودەوڵەتییەکانیانەوە تاکو دەرفەتی دیپلۆماتیک یان سەربازی بۆ ڕژێمەکەیان دابین بکەن. بێگومان ئەو چالاکانەی لەم زەمینانەدا کار و خەبات دەکەن لەگەڵ دوژمنی زۆر کەلەڕەق و ناتەبادا سەروکاریان هەیە.
دووەم، دەوڵەتە هاوچەرخەکان مومکینە خەریک بن خۆ فێر و ئامادە بکەن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بزووتنەوە ناتوندوتیژانەکان. ئەمڕۆکە، دەسەڵاتدارانیش گەیشتوونەتە ئەم باوەڕە کە کەمپێنە جەماوەرییەکان هەڕەشەی جدین بۆسەر دەسەڵاتەکەیان. سەرەڕای ئەمەش، خۆڕاگریی مەدەنی وا پەرەی سەندووە کە دەوڵەتەکان هەستاون بە گەشە و بەستاندارکردنی هەڵسوکەتەکانیان بۆ سەرکوتی ژیرانەی بزووتنەوەکان. زۆربەی لێکۆڵەران ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە بە “سەرکوتی ژیرانە”[i] ناوزەد دەکەن، کە یەکێکە لە ستراتژییە دیارەکان بۆ سەرکوت و دزە و ناکۆکی نانەوە لە بزووتنەوەکاندا. بەم جۆرە پێش ئەوەی بزووتنەوە ناتوندوتیژانەکان ببنە خاوەنی جێگە و پێگە لەناو جەماوەری خەڵکدا، دەسەڵاتدارەکان دەستێوەردان دەکەن و هانیان دەدەن بە بەکارهێنانی تاکتیکگەلی شەڕخوازانە و توندوتیژانە. ئەمەش دەتوانێت نەیەڵێت خەڵکانی میانەڕەو تەڤڵی بزووتنەوەکە بن یان ئوسلوبی بزووتنەوەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە.
سێیەم، چڕبوونەوەی خۆڕاگریی ناوخۆیی و جیهانی بەرامبەر بە ئیمپریالیزمی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەو دەوڵەتەی ناچار کردووە بە پاشەکشە لە مەیدانی جیهانیدا تا چیدی نەتوانێت وەک زلهێزێک بجووڵێتەوە کە بەنیازە برەندی لیبرال دیموکراسیی خۆی بە جیهاندا بڵاوبکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، وادیارە هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەی کارتێکەریی کەمپێنە ناتوندوتیژانەکان دەگەڕێتەوە بۆ کەمپێنەکان خۆیان. یەکەم، وەکچۆن پێشتر باس کرا، گرنگترین پێوەر بۆ سەرکەوتنی بزووتنەوەکان، قەبارەکەیانە. لە ساڵانی ڕابردوودا، بزووتنەوەکانی خۆڕاگریی مەدەنی بەراورد بە ڕابردوو بچوکتر بوونەتەوە. تا ئەو ئاستەی، لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە تێکڕای زیاترین بەشداری لەو بزووتنەوانەدا لەسەتا ١.٣ بووە.
دووەم، بزووتنەوەکانی ئەم سەردەمە لەڕادەبەدەر پشت بە خۆپیشاندانە جەماوەریەکان دەبەستن، بەبێ ئەوەی تەکنیکەکانی دیکەی هاوکارینەکردن _وەکوو مانگرتنی گشتی و سەرپێچیی مەدەنی_ کە کاریگەرتریشن ڕەچاوبکەن، خۆپیشاندانی جەماوەری کاریگەرترین ڕێگە نییە بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵاتداران، بەتایبەتی ئەگەر درێژخایەن و بەردەوام نەبن. لە بەرامبەردا، تکنیکگەلی تری هاوکارینەکردن وەکوو مانگرتنی گشتی دەتوانێت ژیانی ئابووری تێک بدات و لە ئەنجامدا ئیمتیازی زۆر خێراتری بەدواوە بێت.
سێیەم، بزووتنەوەکانی ئەم دواییانە زیاتر پشتیان بەستووە بە ڕێکخستن و چالاکییە دیجیتاڵەکان، بەتایبەتی لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، ئەمەش وەک خاڵێکی بەهێز ڕەچاو دەکرێت. لەلایەکەوە، چالاکیی دیجیتال لەڕووی کۆکردنەوەی جەماوەری بەرفراوان لەماوەیەکی کورتدا زۆر کاریگەر و بەسوودە بۆ بزووتنەوە هاوچەرخەکان. ئەم کارە هەل بۆ هاوڵاتیان دەڕەخسێنێت تاکو سکاڵاکانیان لە ئاستێکی بەرفراواندا هاوبەش بکەن. هەروەها ئەم دەرفەتە دەداتە خەڵک تاکو بتوانن لەڕێگەی ئەو میدیایانەوە کە لەلایەن دامودەزگا و دەوڵەتەکانەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێن پەیوەندی بەیەکەوە بکەن و کاری ڕێکخستن بکەن. بەڵام ئەم پەیوەندی کردنە ئاسانە ڕوویەکی تاریکیشی هەیە، واتە پەیوەندییەک کە بەئاسانی بکرێت، هەر وا بە ئاسانیش کۆنتڕۆڵ و چاودێری دەکرێت. دەسەڵاتداران دەتوانن تێکنۆلۆژییە دیجیتاڵەکان بەکاربهێنن بۆ چاودێری، جیاسازی و سەرکوتی ناڕازییان، یان ئەوەی بە ئاسانی پەیوەندییەکان ببڕن و بەم جۆرە بزووتنەوە تووشی گرفت بکەن. هەروەها، حکومەتە زۆردارەکان بەچڕی تێکنۆلۆژییە دیجیتاڵەکان بەکار دەهێنن بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی نەڕاست، پرۆپاگاندا و بانگەشە.
لەکۆتاییدا، کەمبوونەوەی کارتێکەریی شۆڕشەکان مومکینە بەهۆی گەشەی تکنیکە ئاڵۆزەکانی سەرکوتەوە بێت لەلایەن دەوڵەتەکانەوە. ڕێبەرە دەسەڵاتگەراکان شێوەگەلی ژیرانەتریان خولقاندووە بۆ سەرکوتی ڕکابەرە ناوخۆییەکانیان، بۆ نموونە ڕێکخراوە مەدەنییەکان (NGOکان)، ڕێبەرانی ئۆپۆزیسیۆن، کەمپێنە چاکسازییەکان و شۆڕشەکان.
سەرباری ئەمانەش، خۆڕاگریی مەدەنی هێشتا دەتوانێت بەم چوار هۆکارەی خوارەوە بەرنگاەی دەسەڵاتە زۆردارە ڕیشەداکوتاوەکان بێتەوە.
- هیچ کارێکی حکومەتە دەسەڵاتگەراکان بۆ سەرکوتی ناڕازییان بەبێهەڵە نییە.
- بەپێی لێکۆڵینەەوکان، وا نییە کە سەرکوتی سەرتاسەری ئیلـلا ڕێگر بێت بۆ چالاکیی جەماوەری.
- جیا لەوەی دەوڵەتەکان تاکتیکگەلی سەرکوتی ژیرانە بەکاردەهێنن، وێناکانی هێزی خەڵک هێشتا لە زۆر شوێنی جیهان هەبوونیان هەیە.
- چالاکان لە ڕێگەگەلی جیاوازەوە دەستیان کردووە بە خۆڕاهێنان لەگەڵ تکنیکەکانی سەرکوتی ژیرانە.
لێکەوتەکانی کەمپێنگەلی بەدوور لەتوندوتیژی کامانەن؟
سەبارەت بە شۆڕشە ناتوندوتیژانەکان هەمیشە باس لەم نیگەرانییە دەکرێت کە حکومەتگەلێک دەگەیەننە دەسەڵات کە تەنانەت سەرکوتکەرترن لەوانەی پێشتر، یان ئەگەر کەمپێنە ناتوندوتیژانەکان شکست بهێنن، خەباتە دەکەوێتە دەستی شۆڕشگێڕە چەکدارەکانەوە و ئەمەش شەڕی ناوخۆیی لێدەکەوێتەوە.
کاتێک ئاوڕ لە مێژوو دەدەینەوە دەبینین کە ئەم نیگەرانییانە زۆر بەجێن. زۆربەی نموونەکانی خۆڕاگریی مەدەنی لە ساڵانی ڕابردوودا، بۆ نموونە لە سوریا، لیبی و سودان شەڕی ناوخۆییان لێکەوتۆتەوە. بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ئەمانە حاڵەتی تایبەت یان خود ئاڤارتەن نەک ڕێسا و حاڵەتی ئاسایی. لێکۆڵینەوە جیاجیاکان دەریان خستووە کە زۆربەی خۆڕاگرییە ناتوندوتیژانەکان گۆڕانی دیموکراتییان لێکەوتۆتەوە کە ئەمەش سەقامگیربوونی بەتەواوەتی دیموکراسی بەدواوە بووە. تەنانەت ئەو وڵاتانەش کە تریایاندا خۆڕاگریی مەدەنی شکستی هێناوە، بەراورد بەو وڵاتانەی ئەزموونی خەباتی چەکدارییان هەبووە، بە ئەگەری چوار ئەوەندە زیاترەوە، لەماوەی پێنج ساڵی پاش جەنگ ڕوودەکەنە دیموکراسی.
ئەڵبەتە، تەنیا ئامانجی بەشێکی زۆری بزووتنەوەکان دیموکراسی نییە. داخوازییەکانی ئەم بزووتنەوانە بریتییە لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئابووری و نەژادی کە دەکەونە خانەی سەرووتر لە دامودەزگا دیموکراتیکەکانەوە وەکوو هەڵبژاردن، چاودێری و مافی مەدەنی. لەگەڵ ئەوەشدا، دیموکراسی زۆربەی کات مەرجێکی پێویستە _ئەگەرچی بەس نییە_ بۆ دەستەبەربوونی ئەم ئامانجانە. هەروەها لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە، کە لەو وڵاتانەدا کە بە ئەزموونی خۆڕاگریی مەدەنیدا تێپەڕیون، ئەگەرێکی کەمتر لەئارادایە کە لە ١٠ ساڵی داهاتوودا تووشی شەڕی ناوخۆ بن، بۆیەشە ژیانێکی باشتریان دەبێت لەداهاتوودا.
بەگشتی ئەو وڵاتانەی کەمپێنە ناتوندوتیژانەکانیان بەکارهێناوە زۆر کەمتر تووشی وێرانی بوون و دەسەڵات لە زۆربەیاندا گۆڕاوە. ئاستی بەرزی بەشداریی سیاسی و ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مەدەنی لەدرێژخایەندا کاریگەریی زۆر ئەرێنی دەکاتە سەر دیمومکراسی، چونکە کەمپێنەکانی خۆڕاگریی مەدەنی ئەم ئەزموونە دەدەنە خەڵک کە بەشێوەی ناتوندوتیژانە داواکارییەکانیان ئاراستە بکەن و حکومەتەکان ناچار بکەن بە وەڵامدانەوە و بەرپرسیارێتی. خاڵی گرنگ لێرەدا ئەوەیە، کە ئەگەر ڕاپەڕینە جەماوەرییەکان بگۆڕدرێن بە تێکهەڵچوونە توندوتیژانەکان (بۆ نموونە لە سوریا و لیبی) ئیتر ئەگەری گەشەی دیموکراسی لەو وڵاتە دەگاتە نزیکەی سفر.
هەروەها ڕاپەڕینە جەماوەرییە ناتوندوتیژانەکان بە دەگمەن دەتوانن بەتەنیایی کێشە و گیر و گرفتەکانی سیستمی حکومەتداری، بۆ نموونە نەبوونی دامودەزگای سەربەخۆ، گەندەڵی و نەبوونی مێکانیزمی پێویست بۆ دابەش کردنی دەسەڵات چارەسەر بکەن. چونکە جێگیربوونی دیموکراسی پێویستیی بە پێکهێنانی خووی تازە لە هاوڵاتیاندا، سەرمایەدانان لە دامودەزگا سەربەخۆکاندا، جیاکردنەوەی دەسەڵات و هەروەها چاکسازیی لە ناوەندە ئەمنییەکان و دەستووردا هەیە. ئەم پرۆسەیەش درێژخایەنە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا لانیکەم یەک نەوە دەخایەنێت، سەرەڕای ئەمانە ناکرێت چاوپۆشی بکەین لە گرنگیی ڕێکخستنی جەماوەری بۆ نەهێشتنی بەخێرایی و بەپەلەی لەمپەرەکانی هەمبەر پێشکەوتن.
بۆچی قبوڵکردنی خۆڕاگریی مەدەنی بۆ خەڵک قورسە؟
وەڵامدانەوە بەم پرسیارە، کە بۆچی خەڵک لەجیاتیی ئەوەی تاکتیکەکانی خۆڕاگریی مەدەنی قبوڵ بکەن، دڵبەستەی چالاکییە توندوتیژانەکان دەمێننەوە، زۆر قورسە. هۆکارەکانی ئەم بابەتە بەگوێرەی زەمینە جۆراوجۆرەکان جیاوازە. هەرچەند بەرەبەرە ئاستی ئاگایی سەبارەت بە هێزی خۆڕاگریی مەدەنی زیادی کردووە، بەڵام زۆرینەی خەڵک هێشتا ئەمە نازانن کە خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە جێگرەوەیەکی ڕاستبینانەیە بۆ پێکهێنانی گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان. ژیانی ڕۆژانە پڕە لە چیرۆک، فیلم، داستان و ڕووە جیاکانی کولتور کە توندوتیژی ستایش دەکەن. ئەم ستایشە بەردەوامە لە توندوتیژی، ڕێخۆشکەرە بۆ لەناوبردنی مێژووی خۆڕاگریی مەدەنی و ئەو بزووتنەوانەی لەسەر بنەمای هێزی خەڵک لە ماوەی هەزاران ساڵی ڕابردوودا پێکهاتوون و گەشەیان کردووە.
تەنانەت ئەگەر خەڵک ئەمەش قبوڵ بکەن کە خۆڕاگریی مەدەنی کارامەیە، دیسانەوە مومکینە زانیارییەکی ڕێکوپێکیان نەبێت سەبارەت بە چۆنێتیی پلان دانان، جێبەجێ کردن و بەشداریی کارتێکەر لە شۆڕشێکی ناتوندوتیژانەدا. بەشێک لە هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە حکومەتەکان هەوڵی زۆریان داوە و دەیدەن بۆ ڕێگری کردن لە ئاشنایی خەڵک لەگەڵ ئەم تکنیکانە.
هەندێکیش مومکینە خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە قبوڵ نەکەن چونکە گەیشتوونەتە ئەم باوەڕە کە ئەم جۆرە خۆڕاگرییە کارامە نییە_ یان ئەوەی بەبێ توندوتیژی ناتوانێت کاریگەر بێت. ئەمەش ڕەنگە بگەڕێتەوە بۆ ئەزموونی خۆیان، بۆ نموونە ناڕەزاییەک کە بەشێوەی هەڵە ئەنجام دراوە، بەم جۆرە دەگەنە ئەم دەرەنجامە کە تکنیکی خۆڕاگریی مەدەنی بەتەواوی بێسوودە. یان مومکینە دوژمنەکانیان ئەوەندە بە ڕیشەدار و بەهێز بزانن _یان ئامانجەکانی بزووتنەوەکە ئەوەندە بە بەرزەفڕانە بزانن_ کە گەیشتبنە ئەم باوەڕە کە گۆڕینی دۆخەکە بەبێ پەنابردن بە توندوتیژی و چالاکیی تێکدەرانە نامومکینە.
هەندێکیش مومکینە بە هۆکارگەلی ئایدیۆلۆژیک، شەخسی یان بازرگانی، چالاکانە پێداگری بکەن لەسەر بەکارهێنانی توندوتیژی. بۆ نموونە هەرچەند کتێب و دەقی تایبەت بە ئاین و مەزهەبە جیاوازەکان بەگشتی جەخت لەسەر ئاشتی دەکەنەوە، بەڵام بەشێک لە خوێندنەوە ئاینییە کۆنەکان، کۆمەڵێک پاساوی ئەخلاقین بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی لەخۆدەگرن. هەروەها بەشێک لە ڕێبازە مارکسیستییەکان، ڕەوایەتی دەدەن بە شەڕی چەکدارانە بۆ جیاکردنەوەی چینی سەرمایەدار لە داراییەکانی و دابەش کردنەوەی ئەو داراییانە بەیەکسان بەسەر هەموواندا و هەروەها پێکهێنانی سیستمێکی ئابووری نوێ لەسەر بنەمای خاوەندارێتیی هاوبەشی جەماوەر. هەندێکی دیکەش لەسەر ئەم باوەڕەن کە لایەنگرانی خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە خۆیان تووشی جۆرێک لە دەمارگرژین، چونکە زیاتر لەوەی ڕێگەیەک بۆ خۆڕاگریی بەرامبەر بە هەموو فۆرمەکانی پلەمەندی و دەسەڵات ئاراستە بکەن، دێن تەنیا هەموو بژاردەکان لەسەر مێز دادەنێن.
دوایین لێکۆڵینەوەکان ڕۆڵی پاڵنەرە شەخسییەکان بۆ پشتگیری یان بەشداری لە چالاکییە توندوتیژانەکان پشتڕاست دەکەنەوە. سەرەڕای هەوڵ و تێکۆشانی گشتی بۆ خۆبواردن لە توندوتیژی، کەسانێکی زۆر هەن کە، بۆ نموونە بەنیازی تۆڵەکردنەوە، هەوڵ دەدەن ڕەوایەتی بە توندوتیژی بدەن یان توندوتیژی بەکار بهێنن.
هەروەها ئەم بیرۆکەیە کە بەکارهێنانی توندوتیژی تەنیا ڕێگەی خەڵکە بۆ گەیشتن بە داواکارییەکانیان، هۆکاری ئاشکرای بازرگانیی لەپشتە. بازرگانیی چەک یەکێکە لە پڕسوودترین پیشەسازییەکان لە جیهاندا و ئەم پیشەسازییانە بۆ دەستەبەر کردنی بەرژەوەندییەکان بانگەشە بۆ ئەم پەیامە دەکەن کە توندوتیژی تەنیا ڕێگەیە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، ئەگەر چالاکان بگەنە ئەم باوەڕە کە بزووتنەوەی ناتوندوتیژانە ڕێگەیەکی کاریگەرە، دەبێت بشتوانن ئەمە بخەنە بەر دەستی کۆمەڵانی خەڵک. ئەمەش لەم ڕێگەگەلەی خوارەوەوە ئەنجام دەدرێت.
یەکەم، پێویستە بەوردی باوەڕە باوە هەڵەکان سەبارەت بە خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە لەناوببرێن، بۆ نموونە باوەڕ بەوەی خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە لاواز، پاسیڤ و بێکاریگەرییە، یان ئەم جۆرە خۆڕاگرییە داوا لە دوژمن دەکات گرنگی بدات بە ئەخلاق. دووەم، پێویستە خەڵک سەبارەت بە هۆکارەکانی سەرکەوتن یان شکست هێنانی خۆڕاگری مەدەنی لە زەمینە جیاکاندا هۆشیار بکرێنەوە. بەتایبەتی ئەو چالاکانەی ڕێگە ناتوندوتیژانەکان بەکاردەهێنن بۆ چالاکییەکانیان، نابێت وانەی هەڵە لە هاوتا هاوچەرخەکانیان لە سەراسەری جیهاندا وەربگرن. هاوکات، پێویستە خەڵکی ئاسایی وانەی دروست وەربگرن لەو نموونە مێژووییانە، کە بەئاشکرا قاڵب و پەتێرن ئاراستە دەکەن بۆ بزووتنەوە هاوچەرخەکانمان.
چەند لەو وانانە کە بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر بزووتنەوە جیاکان بەدەست هاتوون و لە داهاتوودا دەتوانن هاوکار بن بۆ بزووتنەوەکانی دیکەی خۆڕاگریی مەدەنی، بریتین لە؛
- ئەو بزووتنەوانەی بەر لە ڕێکخستنی جەماوەری کار لەسەر بەرنامە داڕشتن، ڕێکخستن، پەروەردە و سازکردنی هاوپەیمانی دەکەن، بەراورد بەو بزووتنەوانەی پێش داڕشتنی بەرنامە و ستراتژیی سیاسی دەڕژێنە سەر شەقامەکان، بە ئەگەری زۆرەوە خەڵکانێکی زیاتر بەرەو خۆیان ڕادەکێشن.
- ئەو بزووتنەوانەی لەڕووی قەبارە و فرەڕەنگییەوە گەشە دەکەن، ئەگەری سەرکەوتنیان زیاترە.
- ئەو بزووتنەوانەی تەنیا پشت نابەستن بە ناڕەزایی دەربڕین، خۆپیشاندان و چالاکی دیجیتال، بەڵکو هێزی خۆیان لەڕێگەی دامەزراندنی دامودەزگا هاوتەریبەکان، ڕێکخستنی کۆمەڵگە و تکنیکگەلی هاوکارینەکردنەوە سازدەکەن، لایەنگرانی کاریگەرتر و پێداگرتریش پەیدا دەکەن.
- ئەو بزووتنەوانەی بۆ بەرنگاربوونەوەی سەرکوتی ژیرانە، ستراتژیی پێشوەخت دادەڕێژن و پەرەی پێدەدەن، بە ئەگەری زۆرەوە سەردەکەون. ئەمەش بەمەرجی بینین و ناسینی تاکتیکەکانی سەرکوت دێتە دی.
- لەکۆتاییدا، ئەو بزووتنەوانەی بۆ پاراستنی یەکڕیزی و دیسیپلین لەژێرفشاری سەرکوتدا، کەرەسە و ستراتژی پێویست دابین دەکەن، ئەگەری سەرکەوتنیان زیاترە لەو بزووتنەوانەی لەم دۆخانەدا پەنا دەبەن بۆ شانس و بەخت.
لەکۆتاییدا پێویستە ئەم پێنج خاڵەمان بیر نەچێت؛
خۆڕاگریی مەدەنی جێگرەوەیەکی ڕاستی و کاریگەرە بۆ خۆڕاگریی توندوتیژانە لە زۆربەی کەشەکاندا. خۆڕاگریی مەدەنی بەواتای باشبوون یان مەدەنیبوون نییە، بەڵکو خۆڕاگرییەک پێناسە دەکات لەسەر بنەمای چالاکیی کۆمەڵایەتیی. خۆڕاگریی مەدەنی، خەبات و خولقاندنی جێگرەوە نوێکانە لە ڕێگەگەلێکەوە کە گشتگیرتر و کاریگەرترن لە توندوتیژی.
- خۆڕاگریی مەدەنی نەک بە وەڕەحم هێنانی دڵی دوژمن بەڵکو بە بەلاڕێدابردنی کۆڵەکە و پێگەکانی پشتیوانیی دوژمن کاردەکات.
- خۆڕاگری مەدەنی زۆر بەربڵاوتر و گشتگیرترە لە ناڕەزایی و تاکتیکەکانی هاوکارینەکردن وەکوو مانگرتنی گشتی و خولقاندنی جێگرەوە نوێکان لەخۆدەگرێت. ئەو جێگرەوانەش بریتین لە پێشنیاری سیستمێکی تازە وەکوو ڕێکخراوەکانی تایبەت بە هاوکاریکردنی یەکدی، سیستمە ئابوورییە جێگرەوەکان، گروپە سیاسییە جێگرەوەکان، کە ئەزموونی ژیانێکی نوێ دەستەبەر دەکەن بۆ خەڵک.
- خۆڕاگریی مەدەنی لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا زۆر کاریگەرتر بووە لە خۆڕاگریی چەکداری، هەم بۆ گەشەی گۆڕانکارییە پێشکەوتووەکان، هەم بۆ دیموکراسیسازی، هەروەها لەو ڕووەوە کە هەموو ئەمانە دەکات بەبێ ئەوەی قەیرانی مرۆیی درێژخایەن بنێنەوە.
- هەرچەند خۆڕاگریی ناتوندوتیژانە هەمیشە سەرناکەوێت، بەڵام زۆر زیاترە لەوەی دژبەرەکانی هەوڵ دەدەن بەوناوەوە بە ئێوەی بفرۆشنەوە.
[i] smart repression