هاوکات بە نزیک بوونەوە لە ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی گەشتی ئیرشادەوە، ناڕەزاییە سەراسەرییەکانی خەڵکی ئێران کە بە بزووتنەوەی “ژن ژیان ئازادی” ناوی دەرکرد، بەتوندی سەرکوت دەکرێت. زیاتر لە ٥٠٠ کوژراو، هەزاران بریندار و جێبەجێ کردنی سزاگەلی قورسی وەکوو سێدارە لەدژی ناڕازییان، نیشاندەری بەکارهێنانی چڕیی توندوتیژییە لەلایەن حکومەتەوە بۆ سەرکوتی ناڕازییان.
بەڵام ئایا حکومەتەکان ڕێگەپێدراون بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی دژی ناڕازییان؟
بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە لەدژی ئەو هاوڵاتییە بێچەکانە کە خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن، بەهۆکارگەلی جۆراوجۆر نایاساییە. لە هەموو دەستوور و سیستمە یاساییەکاندا، مافی ناڕەزایی دەربڕین بۆ هاوڵاتیان بەڕەسمی ناسراوە، هەروەها ڕێگە نەدراوە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی ناڕازییان و تێیاندا سزا دیاریکراوە بۆ پێشێلکاران. چەند لەو هۆکارە گرنگانەی بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن پۆلیس و هێزی چەکدار دژی خۆپیشاندانە ناڕەزایی ئاشتیانەکان ڕەتدەەکەنەوە بریتین لە:
١-بەڕەسمی ناسرانی مافی دەربڕینی ناڕەزایی و ئازادیی گردبوونەوە و خۆپیشاندان
مافی دەربڕینی ناڕەزایی و بەڕێوەبردنی گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە دەستووری بنەڕەتیی کۆماریی ئیسلامیی ئێراندا بە ڕەسمی ناسراوە. بەپێی بەندی ٢٧ـی دەستووری بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەبردنی گردبوونەوە و خۆپیشاندان بەبێ هەڵگرتنی چەک ئازادە و پێویستی بە مۆڵەت نییە. لەو بەندەی دەستووری بنەڕەتیدا هاتووە: “ئەنجامدانی گردبوونەوە و ڕێپێوان، بەبێ هەڵگرتنی چەک، بەو مەرجەی دژی بنەماکانی ئاینی ئیسلام نەبێت ئازادە.”
ئەم بەندە ڕاشکاوە و جێبەجێکردنەکەی گرێدراو نەکراوە بە یاسا ئاساییەکان. هەرچەند نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی هەوڵیان داوە سنوورداری بکەنەوە بە پەسند کردنی یاسایەک لەژێر ناوی “یاسای چالاکیی حزبەکان، کۆمەڵەکەن و ئەنجومەنە سیاسی و پیشەییەکان یان ئەنجمونە ئیسلامییەکان و کەمینە ئاینییەکان.”
سەرەڕای ئەوەش، جێگەی سەرنجە کە نە لە دەستووری بنەڕەتی و نە لە یاسای ئاسایی پەسندکراوی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و نە لە ڕەوشنامەی “دابین کردنی ئاسایشی گردبوونەوە و ڕێپێوانە یاساییەکان“ـدا کە لە سەردەمی دەوڵتی محەمەد خاتەمیدا پەسندکرا، نەک تەنیا ڕێگە نەدراوە بە هێزەکانی پۆلیس و دامودەزگا سەربازی و هەواڵگری و ئەمنییەکانی دیکە بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە گردبوونەوە ناڕەزاییەکان، بەڵکو جەخت کراوەتەوە کە هێزەکانی پۆلیس بەرپرسن لە پاراستنی ئاسایشی ئەو مەراسمانە، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە هێزە سەربازییەکانی دیکە مافی دەستێوەردانیان نییە لە لەو خۆپیشاندانانەدا.
کەواتە تا ئەو کاتەی ناڕازییان بە چەکەوە لە شەقام و شوێنە گشتییەکان گرد نەبوونەتەوە، خۆپیشاندانەکەیان یاساییە و هێزی پۆلیس بۆی نییە سەرکوتیان بکات یان بەرامبەریان توندوتیژی بەکاربهێنێت. هێزی پۆلیس تەنیا بەرپرسیارە لە دابین کردن و پاراستنی ئاسایشی ناڕازییان.
٢-دژایەتیی پەیمانە نێودەوڵەتییەکان
- پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان
پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە کۆماری ئیسلامیش قبوڵی کردووە، مافی ئەنجامدانی گردبوونەوە، مافی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ناڕەزایی دەربڕینی بەڕەسمی ناسیوە و دەوڵەتەکان لە هیچ هەلومەرجێکدا بۆیان نییە ڕێگری بکەن لە دەستەبەربوونی ئەم مافە.
لە بڕگەی ٢ی بەندی ٢٢ی ئەم پەیمانە نێودەوڵەتییەدا هاتووە: “دەستەبەربوونی ئەم مافە (مافی گردبوونەوەی ئازادانە) بەهیچ شێوەیەک سنووردار ناکرێتەوە مەگەر لەو حاڵەتانەدا کە لە یاسادا دیاری کرابێت و لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندیی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی گشتی یان بەمەبەستی پشتگیری کردنی تەندروستی یان ئەخلاقی گشتی یان ئازادی و مافەکانی خەڵکانی دیکە بە پێویست زانرابێت. سەرەڕای ئەمەش، لە بەندی ١٩ی ئەم پەیمانەدا هاتووە کە نابێت کەس بەهۆی بیر و باوەڕەکانییەوە ئازار بدرێت و دادگایی بکرێت. هەموو کەسێک مافی ئازادیی ڕادەربڕینی هەیە. ئەمەش بریتییە لە ئازادی بۆ لێکۆڵینەوە و خوێندن و بڵاوکردنەوەی هەموو جۆرە زانیاری و بیروباوەڕێک، چ بەشێوەی زارەکی یان نووسراو و چاپ، چ بەفۆرمی هونەری یان لەڕێگەی هەر کەرەسە و ئامرازێکی دیکەوە.
- چاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ
مافی ناڕەزایی، مافی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ئەنجامدانی گردبوونەوە و خۆپیشاندان لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا بە ڕەسمی ناسراوە و دەوڵەتەکان بۆیان نییە بە هێزی سەرکوت ئەم مافانە لە کۆمەڵگە زەوت بکەن.
دکتۆر پەیام ئەخەوان، مامۆستای مافە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی مەکگیلی کەنادا و ڕاوێژکاری داواکاری گشتیی دادگای سزای نێودەوڵەتی لە دۆسییەی یوگوسلاویدا پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا وتبووی: “بەپێی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتەکان نەک تەنیا مافی بەکارهێنانی چەکیان بۆ سەرکوتی ناڕازییان نییە، بەڵکو تەنانەت ئەو کاتەی پۆلیس بەدووی بکوژێکی چەکداریشەوە بێت، سەرەتا دەبێت فەرمان بکات بە لایەنی بەرامبەر کە چەکەکەی دابنێت، چ جای ئەو هاوڵاتیانەی بەبێ چەک و بەشێوەی ئاشتیانە ڕێپێوان و خۆپیشاندان دەکەن. ئەگەر حاڵەتێکی وا بێتە ئاراوە بەدڵنیاییەوە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤە و دەوڵەتە پێشێلکارەکان لەوانە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی دەبێت لەسەری سزا بدرێن.”
٣- ڕێسای پێویستی و پێکەوەگونجانی بەکارهێنانی هێزی سەرکوت
بەکارهێنانی هێزی سەرکوت تەنیا کاتێک ڕێگەپێدراو دەبێت کە پێویست بێت، واتە هەڵسوکەوتی ناتوندوتیژانە ڕێگر نەبێت لە هاتنە ئاراوەی مەترسی. کەواتە دوایین کەرەسەی پۆلیس بەکارهێنانی هێزی سەرکوتە، بەڵام لەم حاڵەتەشدا پێویستە لەسەر بنەمای ڕێسای پێکەوەگونجانی هێزی سەرکوت و مەترسی وهەڕەشەکە بێت. واتە دەوڵەتەکان بۆیان نییە تەقە لە ناڕازییان بکەن چونکە لە گردبوونەوەکەیاندا سەتڵێکی زبڵ ئاگردراوە.
بەندی ٤ی بەکارهێنانی چەک لەلایەن هێزە چەکدارەکانەوە لە حاڵەتی پێویستدا ڕێگە دەدات بە بەکارهێنانی چەک بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و کۆنتڕۆڵی ڕێپێوانە نایاساییەکان یان دامرکاندنی ئاژاوە و بشێوی و نائارامییەکان، بەڵام لەو یاسایەشدا لەسەر دوو خاڵی گرنگ جەخت کراوەتەوە، یەکەم ڕێپێوانی نایاسایی و ئاژاوە و بشێوە نرابێتەوە و دووەم پۆلیس بەبێ چەک نەتوانێت ئاسایش بپارێزێت.
وەکچۆن لە سەرەوە ئاماژە کرا، بەپێی دەستووری بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی و کۆنڤانسیۆنی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایی بەبێ چەک یاساییە و ئەرکی پۆلیسە ئاسایشی ناڕازییان بپارێزێت نەک ئەوەی هەوڵ بدات لەڕێگەی هێزی سەرکوتەوە بڵاوەیان پێبکات.
تەنانەت ئەگەر پۆلیس ئەم گردبوونەوانە بە نایاسایی بزانێت، مافی بەکارهێنانی چەک و تەقەی ڕاستەوخۆی نییە لە ناڕازییان بۆ بڵاوە پێکردنیان، چونکە تەقەی ڕاستەوخۆ بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ گردبوونەوەی بەبێ چەک یەک ناگرێتەوە. تەنانەت ئەگەر ناڕازییان بەرد بهاویژن پۆلیس بۆی نییە بە گولـلە وەڵامیان بداتەوە و تەقەی ڕاستەوخۆیان لێبکات.
هەڵسوکەوتی پۆلیس لەگەڵ ناڕازییان دەبێت ئاشتیانە و لەسەر بنەمای ئاسانگیری و لەسەرەخۆیی و دان بەخۆدا گرتن و سازش بێت. پۆلیش بەهیچ شێوەیەک بۆی نییە کە بەپێی دروشم و ناوەرۆکی خۆپیشاندان هەڵسوکەوت لەگەڵ ناڕازییان بکات، چونکە ئازادیی ڕادەربڕین لە یاسای بنەڕەتی و مافە نێودەوڵەتییەکاندا بە ڕەسمی ناسراوە. ئەگەر پۆلیس نیگرانی ڕەفتاری توندوتیژانە وەکو زیان گەیاندن بە سامانی گشتی بێت لەلایەن ناڕازییانەوە، بۆ ڕێگری کردن لێی دەبێت کەرەسەگەلێک بەکاربهێنێت کە گونجاو بن لەگەڵ جۆری توندوتیژیی ناڕازییان. لەلایەکی دیکەوە پۆلیس دەبێت ڕێگەی هەڵاتن و دەربازبوون بۆ ناڕازییان بهێڵێتەوە، مەبەست دەبێت ڕێگری لە مەترسی بێت نەک بەداوەوە کردنی ناڕازییان. واتە کاتێک ناڕازییان خەریکن ڕادەکەن، تەقە کردن یان ڕێگە گرتن لێیان، کردارێکی تاوانبارانەیە و دەبێت بەدواداچوونی یاسایی بۆ بکرێت.
کەواتە بەکارهێنانی چەک و تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناڕازییان، دژی ڕێسای پێویستی و پێکەوە گونجانی بەکارهێنانی هێزی سەرکوتە و هەر بەم هۆیەشەوە ئانتۆنیۆ گۆترێش، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم بابەتە هۆشداریی داوەتە کۆماری ئیسلامی.
٤-گوێڕایەڵی بۆ پۆلیس لەدەرەوەی کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکەیدا پێویست نییە
هاوڵاتیان تەنیا کاتێک دەبێت گوێڕایەڵی پۆلیس بن کە ئەو پۆلیسە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی یاسایی خۆیدا بێت، بڵاوەکردن بە گردبوونەوەی ناڕەزایی بێچەک نەک تەنیا ئەرکی پۆلیس نییە بەڵکو دژی یاسایە. بەکارهێنانی چەک دژی ناڕازییان لەدەرەوەی ئەرکی یاسایی پۆلیسە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵی بەتەواوی ڕەوایە.
لە بەندی ٦٠٧ی یاسای سزای ئیسلامیدا کە ساڵی ١٣٧٥ پەسند کراوە هاتووە: “هەموو جۆرە خۆڕاگریییەک بەرامبەر بە کارمەندانی دەوڵەت بەئاگاداربوون لەوەی ئەو کارمەندە کە لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی یاسایی دایە، سەرپێچی ئەژمار دەکرێت.” واتە خۆڕاگری بەرامبەر بە پۆلیس کاتێک سەرپێچی ئەژمار دەکرێت کە ئەو پۆلیسە سەرقاڵ بێت بە ئەنجامدانی ئەرکی یاسایی خۆی. ئەگەر دەرەوەی کاتی کاری ئەو پۆلیسە بێت، خۆڕاگری بەرامبەری سەرپێچی و کرداری تاوانبارانە نییە، بەڵکو بە بەرگریی ڕەوا ئەژمار دەکرێت و پۆلیس بۆی نییە بەرامبەر بە بەرگریی ڕەوا دەست بداتە چەک یان ڕەفتاری توندوتیژانە.
بەندی ٤ی یاسای سزای گشتی کە ساڵی ١٣٥٢ هەموارکراوەتەوە، جەخت لەوە دەکاتەوە: “خۆڕاگری بەرامبەر بە هێزی ئاسایش و سەربازی کاتێک کە سەرقاڵن بە ئەنجامدانی ئەرکی یاسایی خۆیان، بەرگریی ڕەوا ئەژمار ناکرێت، بەڵام کاتێک ئەو هێزانە لە دەرەوەی سنووری ئەرکەکانیان دەست بدەنە کردارێک کە کوشتن، بریندار کردن، لێدان یان دەستدرێژی بۆسەر ئابڕوو یان نامووسی لێبکەوێتەوە، لەو حاڵەتەدا بەرگری ڕەوایە.”
حسێن ڕەئیسی، مافناس لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە پۆلیس کەی بۆی هەیە هەڵسوکەوتی توندوتیژانە بگرێتە بەر، دەڵێت: “پۆلیس تەنیا لە دوو حاڵەتدا ئەم مافەی هەیە:
١-تاوانەکە ئاشکرا بێت؛
٢-فەرمانی دادوەر بێت؛
کەواتە پۆلیس مافی هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی نییە بەرامبەر بە گردبوونەوە ناڕەزاییەکان. چونکە یەکەم، گردبوونەوەی ناڕازیی کە بەبێ چەک بەڕێوەدەچێت دژی یاسا نییە، کەواتە تاوانیش نییە. دووەم، فەرمانی دادوەر لەپاش ئەنجامدانی کردارە تاوانبارانەکەدا واتای هەیە نەک پێش ئەنجامدانی. واتە هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی پۆلیس لەدژی ناڕازییان پێشێلکارییە و دەبێت بەدواداچوونی بۆ بکرێت.”
کەوایە دەبێت ئەمە بەبیر پۆلیس و هێزە چەکدارەکان بخرێتەوە کە بەکارهێنانی توندوتیژی و چەک و تەقەی ڕاستەوخۆ لە ناڕازییان تا ئەو کاتەی ناڕەزایی چەکدارانەیان ئەنجام نەداوە، کردارێکی تاوانبارانەیە. ئەرکی پۆلیس و دەوڵەت پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان و بەرپرسیارێتی و وەڵامدەرییە بەرامبەر بە پێداویستی و داواکارییەکانیان نەک بەکارهێنانی توندوتیژی و هێزی سەرکوت لەدژیان.
Tags: ئێران، دیموکراسی، ناڕەزایی ناتوندوتیژانە