هاوکات بە نزیک بوونەوە لە یەکەم ساڵڕۆژی ناڕەزاییە سەراسەرییەکانی “ژن ژیان ئازادی” لە ئێران، تێگەیشتن لە چەمکی مافی ناڕەزایی مەدەنی لە ئێران و بەراوردکردنی لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەتوانێت بەکەڵک بێت.
لەم بابەتەدا هەوڵ دراوە بەپێی سەرچاوە بەردەستەکان بەراوردێکی کورت ئەنجام بدرێت لەنێوان یاساکانی تایبەت بە ناڕەزایی لە ئێران و دوازدە وڵاتی دیکەدا، تاکو بۆمان دەرکەوێت لەم وڵاتانەدا کە ڕێوشوێنی یاسایی پێویست بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە ئارادا نییە، چۆن لەگەڵ ناڕەزاییەکان هەڵسوکەوت دەکەن.
مافی ناڕەزایی دەربڕین، مافی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندان، لە جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤدا بە ڕەسمی ناسراوە و دەوڵەتەکان بۆیان نییە ئەم مافانە بە هێزی سەرکوت لە خەڵک زەوت بکەن.
بەپێی پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان کە کۆماری ئیسلامیش قبوڵی کردووە، مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندان، مافی ئازادیی ڕادەربڕین و مافی ناڕەزایی دەربڕین بەڕەسمی ناسراوە و دەوڵەتەکان لە هیچ هەلومەرجێکدا بۆیان نییە ڕێگربن لە دەستەبەربوونی ئەم مافانە.
لە بڕگەی ٢ی مادەی ٢٢ـی ئەم پەیمانە نێودەوڵەتییەدا هاتووە: “دەستەبەربوونی ئەم مافە (مافی گردبوونەوەی ئازادانە) بەهیچ شێوەیەک سنووردار ناکرێتەوە مەگەر لەو حاڵەتانەدا کە لە یاسادا دیاری کرابێت و لە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاسایشی گشتی یان بەمەبەستی پشتگیری کردنی تەندروستی یان ئەخلاقی گشتی یان ئازادی و مافەکانی خەڵکانی دیکە بە پێویست زانرابێت.”
بەپێی مادەی ٢٧ـی دەستووری بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەڕێوەبردنی گردبوونەوە و خۆپیشاندان بەبێ هەڵگرتنی چەک ئازادە و پێویستی بە مۆڵەت نییە. لەو مادەیەی دەستووری بنەڕەتیدا هاتووە: “ئەنجامدانی گردبوونەوە و ڕێپێوان، بەبێ هەڵگرتنی چەک، بەو مەرجەی دژی بنەماکانی ئاینی ئیسلام نەبێت ئازادە.”
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئەم مادەیە ساڵانێکی درێژە بەهۆی دەستێوەردانەکانی وەزارەتی ناوخۆوە سنووردار و پێشێل دەکرێت. ئێستا با چاوێک بخشێنین بەسەر یاساکانی تایبەت بە ناڕەزایی دەربڕین لە چەندین وڵاتی دیموکراتیک و نادیموکراتیکی جیهاندا.
ئینگەڵتەرا
لە ئینگەڵتەرا بۆ ئەنجامدانی ناڕەزایی پێویستتان بە مۆڵت نییە، مەگەر ئەوەی ڕێکخەری ئەو ناڕەزاییە بن. ناڕازییان دەبێت لە شەش ڕۆژ پێش ڕێکەوتی ناڕەزاییەکەیانەوە پۆلیس ئاگادار بکەنەوە لە کات و شوێنی خۆپیشاندان، یان ڕێگەی ڕێپێوانەکەیان، پۆلیسیش بۆی هەیە ئەو ڕێگەیە سنوورداربکاتەوە یان بیگۆڕێت. ناڕەزایی گشتی و جەماوەری لە ئینگەڵتەرا و وێڵز یاساییە و مافی ناڕەزایی دەربڕین لە کۆنڤانسیۆنی مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپادا پێشبینی و دەستەبەرکراوە.
بەڵام پێویستە بوترێت کە ئەم مافە ڕەها نییە و لە هەندێک هەلومەرجدا سنووردار دەکرێتەوە، بۆ وێنە لەچوارچێوەی خۆپیشاندانی ئێرانیانی دانیشتووی لەندەن لە بەرامبەر باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامیدا کە ڕۆژی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠١ ئەنجام درا، پۆلیس هیچ ڕیگرییەکی لە ناڕازییان نەکرد تا ئەو کاتەی هەوڵیان دا هێرش بکەنە سەر باڵوێزخانەکە.
١٢ هاولاتیی ناڕازی لەو گردبوونەوەیەدا دەستگیر کران، پۆلیسی لەندەن ڕایگەیاند لە ئەنجامی تێکهەڵچوونی هێزەکانی لەگەڵ ناڕەزاییان پێنج پۆلیس بریندار بوون و لە نەخۆشخانە خراونە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە کە هیچ ناڕازییەک بریندار نەبوو.
لەلایەکی دیکەوە زۆربەی ئەو ناڕازییانەی دەستگیر کرابوون هەر ئەو ڕۆژە ئازاد کران و ژمارەیەکی دیکە بەهۆی ئەوەی لە پۆلیسیان دابوو دۆسییەیان بۆ کرایەوە پاشان بەشێوەی کاتی ئازاد کران.
چوار ڕۆژ پاش ئەم گردبوونەوەیە، ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١، گردبوونەوەی ئاشتیانەی هاوڵاتیانی ناڕازی لەشاری زاهدان لەلایەن هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە درایە بەر دەسڕێژی گولـلە و لەئەنجامدا زیاتر لە ١٠٠ هاوڵاتی کوژران کە ژمارەیەکیان منداڵ بوون.
فەڕانسا
فەرانسا یەکێک لە ولاتانی ئەندامی کۆنڤانسیۆنی ئەوروپای مافەکانی مرۆڤە کە ساڵی ١٩٥٠ پەسند کراوە. لە فەرانسا هەندێک لە خۆپیشاندانەکان بەبێ مۆڵەتی یاسایی ئەنجام دەدرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ڤیدیۆ و وێنەگەلێک دەبیندرێت کە تێیاندا پۆلیس هەڵسوکەوتی توندوتیژانە دژی ناڕازییان پیشان دەدات.
لە ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەی فەڕانسادا بەرامبەر بە کوژرانی نەوجەوانێکی تەمەن ١٧ ساڵان لە فەڕانسا، ناڕازییان ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێلیان ئاگردا و هەڵیان کوتایە سەر بانک و ناوەندە ئیدارییەکان. پۆلیس هەوڵی دا بە گازی فرمێسکڕێژ و ئۆتۆمبێلی ئاوپڕژێن بڵاوە بە ناڕازییان بکات، بەڵام کەس بۆی نەبوو تەقە لە ناڕازییان بکات. پۆلیس تەنانەت کاری بەسەر ئەوانەشەوە نەبوو کە مارکێتەکانیان تاڵان دەکرد، پاشان ئەوانەی دەستگیریش دەکران هەر ئەو شەوە ئازاد دەکران.
بەراورد بە دەوڵەتی ئێران، دەوڵەتی فەرانسا لەباتی دەستگیر و سەرکوت کردنی نارازییان و ڕەشبگیریی چالاکانی سیاسی و ڕۆژنامەنووسان، دەستبەجێ کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست و لەگەڵ داوای لێبوردن لە خەڵک فەرمانی دەرکرد بۆ بەدواداچوونی بەپەلە بۆ بابەتەکە. لە ناڕەزاییەکانیشدا نە کەسی دیکە کوژرا و نە هیچ سزایەکی زیندان بۆ ناڕازییان دەرکرا.
ئەڵمان
ئەڵمان ڕابردوویەکی دوورودرێژی هەیە بۆ پشتگیری کردنی مافی ناڕەزایی دەربڕینی هاوڵاتیان. بەپێی دەستووری بنەڕەتی لەو وڵاتەدا، هەموو ئەلمانییەک بۆی هەیە بەبێ مۆڵەت و ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت ناڕەزایی ئاشتیانەی بەبێ چەک ئەنجام بدات.
لە ئەلمان کەس بۆی نییە چەک یان هەر کەرەسەیەکی دیکەی زەبروەشاندان و ئازارگەیاندن هەڵبگرێت لە ناڕەزاییەکاندا. هەروەها بەکارهێنانی دەمامک بەنیازی شاردنەوەی شوناسی ناڕازی قەدەغەیە. لەلایەکی دیکەوە، ئەو حزب و ڕێکخراوانەی لەلایەن دادگای دەستووری بنەڕەتیی ئەڵمانەوە بە قەدەغە لەقەڵەم دراون، مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ڕێپێوانیان نییە.
ئیتالیا
بەپێی مادەی ١٧ـی دەستووری بنەڕەتیی ئیتالیا کە ساڵی ١٩٤٨ پەسند کراوە، هوڵاتیان بۆیان هەیە بەشێوەی ئاشتیانە و بەبێ چەک گردببنەوە، هەروەها ئەو گردبوونەوانەی لە شوێنە کراوە و گشتییەکان بەڕێوەدەچن پێویستان بە مۆڵەت نییە. سەرەڕای ئەوە، لە عەرزی واقیعدا پێویستە پێشوەخت ناوەندە بەرپرسراوەکان ئاگادار بکرێنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە ەکگرتووەکان و نووسینگەی ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاریی ئەوروپا (OSCE) بۆ ناوەندە دیموکراتەکان و مافەکانی مرۆڤ، حکومەتی ئیتالیا بۆ بەڕێوەچوونی گردبوونەوە نارەزاییەکان هەڵسوکەوتی ئاسانگیرانە ناگرێتە بەر.
یۆنان
بەپێی مادەی ١١ی دەستووری بنەڕەتیی کۆماری یۆنان کە لە ساڵی ١٩٧٥دا پەسند کراوە: “١-یۆنانییەکان بۆیان هەیە بەبێ چەک و بەشێوەی ئاشتیانە ناڕەزایی و گردبوونەوە ئەنجام بدەن.
2-پۆلیس بۆی هەیە لەو گردبوونەوانەی لە شوێنی گشتی و کراوەدا بەڕێوەدەچن ئامادەبێت. ئەو گردبوونەوانە لە حاڵەتێکدا کە ببنە هۆی تێکدانی ئاسایشی گشتی و کۆمەڵایەتی، مومکینە لەلایەن پۆلیسەوە قەدەغە بکرێن.”
بەپێچەوانەی وڵاتانی دیکەی ئەوروپای ڕۆژئاوا، یاساگەلی تایبەت بە گردبوونەوە ناڕەزاییەکان لە یۆنان لاوازە. بەپێی یاسای گردبوونەوە ناڕەزاییەکان کە ساڵی ١٩٧١ پەسند کراوە، ئەگەر پێشوەخت سەبارەت بە گردبوونەوەیەک بەباشی ئاگاییبەخشی ئەنجام نەدرێت، ئەوا مومکینە هەڕەشە و مەترسی ئەمنیی بەدواوە بێت و بەشداربووانی ئەو گردبوونەوانە بە سێ مانگ زیندان و سزای مادی سزا دەدرێن، هەروەها پۆلیس بۆی هەیە بڵاوە بەو گردبوونەوانە بکات، تەنانەت ئەگەر ئاشتیانەش بن.
بەرازیل
بەرازیل یەکێکە لە ئەندامانی کۆنڤانسیۆنی مافەکانی مرۆڤی نێوان ئەمریکایی کە ساڵی ١٩٦٩ پەسند کراوە. مادەی ١٥ـی ئەم پەیمانە باس لە مافی گردبوونەوە دەکات و دەڵێت: “مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە بەبێ چەک بەڕەسمی ناسراوە. هیچ سنوورێک بۆ دەستەبەربوونی ئەم مافە لە ئارادا نییە، مەگەر ئەو سنوورانەی لەسەر بنەمای یاسا بن، هەروەها پاراستنی ئاسایشی گشتی لەم بابەتەدا یەکێکە لە مەرجە پێویستەکان.”
سەرەڕای ئەوە هیچ یاسایەکی تایبەت بە ئامادەبوونی پۆلیس لە گردبوونەوەکاندا لە ئارادا نییە، بەڵام بۆ بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان لەو وڵاتەدا پێویستە پێشوەخت مۆڵەت وەربگیرێت.
هیندستان
هیندستان گەورەترین وڵاتی دیموکراتی جیهانە و مادەی یەکـی دەستووری بنەڕەتی کە ساڵی ١٩٤٩ پەسند کراوە مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بە ڕەسمی ناسیوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، مادەی ١٤٤ـی یاسای سزادانی ئەو وڵاتە، ئەم مافە دەدات بە دادوەران کە گردبوونەوەی زیاتر لە چوار کەس قەدەغە بکەن. لە زۆربەی ویلایەتەکانی هیندستان پۆلیس بۆی هەیە ڕێگە بە ئەنجامدانی خۆپیشاندان بدات یان قەدەغەی بکات.
هەرچەند هیندستان لەڕووی لاوازیی یاساکانی تایبەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەوە، شێوەی ئێران دەدات، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی هیندستان ١٢ ئەوەندەی ئێرانە پێشێل کردنی مافەکانی مرڤ لەو وڵاتەدا زۆر کەمترە لە ئێران.
ژاپۆن
لە ژاپۆنیش چوارچێوەیەکی مافناسی بۆ مافی بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە ئارادایە. ئازادیی گردبوونەوە بەپێی مادەی ٢١ـی یاسای بنەڕەتیی ئەو وڵاتە کە ساڵی ١٩٤٦ پەسند کراوە دەستەبەر کراوە بەڵام هیچ یاسایەکی تایبەت بە گردبوونەوە جەماوەرییەکان لە یاساکانی ئەم وڵاتەدا بوونی نییە.
لەلایەکی دیکەوە، بەپێی یاسای ئەرکەکانی پۆلیسی ژاپۆن کە ساڵی ١٩٤٨ پەسند کراوە، هێزەکانی پۆلیس ڕێگەپێدراون بەرامبەر بەو کەسانەی گومانی ئەنجامدانی تاوانی مەترسیداریان لەسەرە چەکی گەرم بەکاربهێنن. سەرەڕای ئەم لاوازییەی یاسای ژاپۆن، لە ساڵی ١٩٤٨ـەوە تاکو ئێستا هیچ حالەتێکی کوژرانی ناڕازییان لەو وڵاتەدا تۆمار نەکراوە.
ڕاپۆرتگەلی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە ساڵی ٢٠١٩دا پشتڕاستی دەکەنەوە: “لە ژاپۆن ئازادیی گردبوونەوە بەپێی یاسا دەپارێزرێت و گردبوونەوەی ناڕەزایی زۆربەی کات بەبێ کێشە بەرێوە دەچێت.”
بەگشتی، ژاپۆنیش وەک ئێران لەڕووی یاساگەلی تایبەت بە گردبوونەوەی ناڕەزاییەوە لاوازە، بەڵام دەوڵەتی ئەو وڵاتە بەپێچەوانەی کۆماری ئیسلامی ئەم لاوازییە لەدژی ناڕازییان بەکارناهێنێت.
میسر
میسر یەکێکە لە وڵاتانی ئەندامی بڕیارنامەی ئەفریقایی مافەکانی مرۆڤ و خەڵک کە ساڵی ١٩٨١ پەسند کراوە. لە مادەی ١١ـی ئەم بڕیارنامەیەدا هاتووە: “هەموو تاکێک بۆی هەیە بەئازادی و لەگەڵ کەسانی دیکە گردبێتەوە. ئەم مافە تەنیا لە هەندێک حاڵەتی دەگمەندا سنووردەکرێتەوە کە لە یاسادا پێشبینی کراون، لەوانە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، تەندروستی، ئەخلاق و ماف و ئازادییەکانی خەڵکی دیکە.”
ئەم وڵاتە هەروەها یەکێکە لە واژۆکەرانی پرۆتۆکۆلی ١٩٩٨ سەبارەت بە دادگای ئەفریقایی مافەکانی مرۆڤ و خەڵک و هەروەها بڕیارنامەی عەرەبیی مافەکانی مرۆڤ کە ساڵی ٢٠٠٤ پەسند کراوە. بەپێی مادەی ٧٣ـی دەستووری بنەڕەتیی میسر پەسندکراوی ساڵی ٢٠١٤: “هاوڵاتیان بۆیان هەیە بە ئاراستەکردنی ڕاگەیەندراوێک کە بەپێی یاسا دەنووسرێت کۆبوونەوەی گشتی، ڕێپێوان، گردبوونەوە و هەموو جۆرە ناڕەزاییەکی ئاشتیانەی بەبێ چەک بەڕێوەببەن.”
هەرچەند لە میسریش کە حکومەت بەدەستی هێزە سەربازییەکانەوەیە حاڵەتی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و مافی ناڕەزایی ئاشتیانە بەچڕی پێشێل دەکرێت، بەڵام ئاماری سەرکوت و ڕادەی بەکارهێنانی توندوتیژی دژی هاوڵاتیان تیایدا زۆر کەمترە لەئێران.
تورکیا
تورکیا وەک وڵاتێکی دراوسێ لەڕووی کولتوورییەوە زۆر هاوشێوەی ئێرانە. بەپێی مادەی ٣٤ـی دەستووری بنەڕەتیی تورکیا کە ساڵی ١٩٨٢ پەسند کراوە: “هەموو کەسێک بۆی هەیە بەبێ مۆڵەتی پێشوەخت ڕێپێوان و خۆپیشاندانی ئاشتیانە و بەبێ چەک ئەنجام بدات.” مافی گردبوونەو و خۆپیشاندان تەنیا بەپێی یاسا و بەمەبەستی پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، ڕێگری لە ئەنجامدانی تاوان، پاراستنی تەندروستیی گشتی و ئازادی و مافەکانی خەڵکانی دیکە سنووردار دەکرێتەوە.
هاوکات لە دەستوور و یاساکانی وڵاتی تورکیادا مادە و بەند و بڕگەی زۆری دیکە هەن کە ئەم مافە سنووردار دەکەنەوە. بۆ نموونە یاسای ژمارە ٢٩١١ـی تورکیا بەئاشکرا مافی گردبوونەوەی ئاشتیانە سنووردار دەکات. یاسای ژمارە ١٠ـی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و گردبوونەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەندامانی کۆمیتەی بەرێوەبردنی گردبوونەوەکە دەبێت ٤٨ کاتژمێر پێش مەراسیم ڕاگەیەندراوێک واژۆ بکەن و لەکاتی کار و دەوامدا ئاراستەی فەرمانداریی ئەو ناوچەیەی بکەن، لە ئەگەری دەستەبەرنەبوونی ئەم مەرجەدا پۆلیس ئەو گردبوونەوەیە بە نایاسایی لەقەڵەم دەدات و بۆی هەیە دەست بداتە هەموو کارێک بۆ بڵاوەپێکردنی. لە تورکیاش وەک ئێران حاڵەتی زۆری پێشێلکردنی مافی ناڕەزایی دەربڕین ڕوودەدات، هەروەها ژمارەی زیندانیانی سیاسیش لەو وڵاتە وەک ئێران زۆرە. بەڵام ژمارەی برینداران و کوژراوانی گردبوونەوە ناڕەزاییەکان ئەوەندەی ئێران زۆر نییەوە و ژمارەی حاڵەتی تەقەی پۆلیس لە ناڕازییانیش هەر بەو ڕادەیە لە ئێران کەمترە.
چین
وڵاتی چین یەکێکە لە گەورەترین پشتیوانەکانی حکومەتی کۆماری ئیسلامی، کەواتە دەبێت خاڵی هاوبەشی زۆر هەبێت سەبارەت بە مافی ناڕەزایی دەربڕین لەو دوو وڵاتەدا. مادەی ٣٥ـی دەستووری بنەڕەتیی چین کە ساڵی ١٩٨٢ پەسند کراوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە “هاولاتیانی کۆماری گەلی چین بەهرەمەندن لە مافی ئازادیی گردبوونەوە، ڕێپێوان و خۆپیشاندان.” هەروەها مادەی ٢٧ـی بەشی سێیەم دەستووری بنەڕەتیی هۆنککۆنگ دەڵێت :”دانیشتووانی هۆنککۆنگ بەهرەمەندن لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین، ڕاگەیاندن، وەشان، گردبوونەوە و خۆپیشاندان.”
سەرەڕای ئەمانە، بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە پیکەن، هۆنککۆنگ، شانگهای، گوانگژۆ و ژمارەیەکی دیکە لە شارە گەورەکانی چین، مافی ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایی بەڕاشکاوی لە هاولاتیان زەوت دەکرێت و دەوڵەتی چین بەتوندوتیژییەوە هاوڵاتیانی ناڕازی سەرکوت دەکات.
بەڵام لەگەڵ ئەوەی ژمارەی دانیشتووانی چین زیاتر لە ١٥ ئەوەندەی ژمارەی دانیشتووانی ئێرانە، ڕێژەی زیندانیانی سیاسی لە ئێران لە چینیش زیاترە و ئاستی سەرکوت و ڕادەی کوژراو و بریندارانی ناڕەزاییەکانیش دیسان لە چین کەمترە.
ڕوسیا
ڕوسیاش یەکێکە لە هاوپەیمانانی کۆماری ئیسلامی، هەر بەم پێیەش کردار و یاسای ئەو دوو دەوڵەتە بەرامبەر بە مافی هاوڵاتیان بۆ ئەنجامدانی ناڕەزایی هاوشێویە. مادەی ٣١ـی دەستووری بنەڕەتیی ڕوسیا کە ساڵی ١٩٩٣ پەسند کراوە دەڵێت: “هاوڵاتیانی فیدراسیۆنی ڕوسیا مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایی بەبێ چەک وئاشتیانەیان هەیە، هەروەها مافی ڕێپێوان و مانگرتن و ناڕەزایی جەماوەری.” بەڵام یاسای فیدرالی ڕوسیا کە ساڵی ٢٠٠٤ پەسند و تۆمار کراوە و ساڵی ٢٠١٨ هەموار کراوەتەوە دەڵێت، ڕێکخەرانی گردبوونەوە دەبێت لانیکەم ١٠ ڕۆژ پێش مەراسیمەکەیان دەوڵەت ئاگادار بکەنەوە. ئەوەش دەبێت بە ڕاگەیەندراوێک ئەنجام بدرێت کە ناوی تەواو، ناونیشان و ژمارە تەلەفۆنی هەموو بەشداربووانی گردبوونەوەکەی تێدا بێت. هەروەها ساڵی ٢٠١٢ کۆمەڵێک هەموارسازی لە یاسای گردبوونەوە و خۆپیشاندانی ڕوسیادا ئەنجامدرا کە تیایاندا شوێنی تایبەت بۆ ئەنجامدانی گردبوونەوە دیاری کراوە، شوێنگەلێک کە زۆربەیان دەکەونە دەرەوەی شار و شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان، هەروەها ئەم مەرجەش دانراوە کە هیچ گردبوونەوەیەک نابێت پاش کاتژمێر ١٠ی شەو ئەنجام بدرێت.
دەوڵەتی مۆسکۆ لەساڵانی ڕابردوودا بەتوندی ناڕەزاییە جۆراوجۆرەکانی سەرکوت کردووە و ئامارێکی سەرسامهێنەری کوژراو و برینداری بەبار هێناوە. هەر بەم هۆیەشەوە وەک ئێران لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە بایکۆت کراوە.
شێوەی سەرکوتی هاوڵاتیانی ناڕازی لە ڕووسیا ڕەنگە تایبەت بە خۆی ئەو وڵاتە بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی کوژراوان لە ناڕەزاییەکاندا کەمترە لە ٥٠٠ کەس کە تەنیا لەساڵی ڕابردوودا لە ئێران تۆمار کراوە.
لەکۆتاییدا با چاوێک بخشێنینە سەر ئاماری کوژراوانی ناڕەزاییەکان لە ئێران. ڕاپۆرتگەلی ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ناسنامەی ٥٤٠ کەسیان تۆمار کردووە کە لەچوارچێوەی ناڕەزاییە مەدەنییەکانی ساڵی ١٤٠١دا لەئێران کوژراون. واتە لە ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانەوە بۆ ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠١ (سێ مانگ و ٢٤ ڕۆژ) ٥٤٠ هاوڵاتی، لەوانە ٧٤ی منداڵی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ، بەدەستی هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراون. ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ لە ڕاپۆرتێکدا کە ژانویەی ٢٠٢٣ بڵاوی کردۆتەوە، ئاشکرای کردووە کە لەو ناڕەزاییانەدا هەزاران هاوڵاتی دەستگیرکراون کە ١٠٧ لەوان لەژێر مەترسیی سێدارە دان.
Tags: ناڕەزایی مەدەنی، سەرکوت، توندوتیژی، ژینا